سەردانی هاوڵاتیانی هەرێم بۆ ئێران بەبێ ڤیزا درێژکرایەوە

‌دەروازەی سنووری باشماخ.. فۆتۆ: ئەرشیڤ

وێستگه‌ نیوز ـ
هاتوچۆی هاوڵاتیانی هەرێم و عیراق بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران بەبێ ڤیزا بۆ ماوەی چه‌ند مانگێكی تر درێژکرایەوە.


لە راگەیاندراوێکدا لەلایەن کونسوڵگەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەغدا کە وێنەیەکی ده‌ست وێستگه‌ نیوز كه‌وتووه‌، تیایدا هاتووه‌: "حكومه‌تی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ چوارچێوه‌ی به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندی دۆستانه‌ و برایانه‌ی نێوان حكومه‌ت و گه‌لانی ئێران و عیراق و به‌ ئامانجی هاتوچۆی ئاسان تری هاوڵاتیانی هه‌ردو وڵات، هه‌ستا به‌ درێژكردنه‌وه‌ی ئاسانكاری تایبه‌ت به‌ هاتوچۆی هاوڵاتیانی عیراق بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران".

ئه‌وه‌ش هاتووه‌: "به‌م پێیه‌، له‌ به‌رواری ۱۳۹۸/۱۲/٦ بــۆ ۱۳۹۹/۳/٤ هەتاوی کە دەکاتە ۲۰۲۰/۲/۲٥ بــۆ ۲۰۲۰/٥/۲٤ زاینی به‌رامبه‌ر به‌ مانگه‌كانی ڕه‌جه‌ب، شه‌عبان و ڕه‌مه‌زان ی هیجری، لێدانی مۆری چوونه‌ژووره‌وه‌ له‌ لایه‌ن پۆلیسی پاسپۆرتی جێگیركراو له‌سه‌ر سنوره‌ فه‌رمیه‌كانی خاكی كۆماری ئیسلامی ئێران به‌ مانای ڤیزای مانه‌وه‌ی یه‌ك مانگه‌یه‌ و هاوڵاتیانی عێراقی پێویستیان به‌ وه‌رگرتنی ڤیزا له‌ ماوه‌ی ئاماژه‌پێكراودا نابێت".

کونسوڵگەری ئێران لە بەغدا ئەوەشی راگەیاندووە: له‌ "روانگه‌ی ئه‌و راستیه‌وه‌ كه‌ ئه‌م بڕیاره‌ له‌ ماوه‌كانی رابردوودا له‌ لایه‌ن هاوڵاتیانی هه‌ردوو وڵاته‌وه‌ پێشوازی گه‌رمی لێكرا، به‌ هه‌وڵی بێ وچان، ئه‌م ئاسانكارییه‌ به‌ شێوه‌ی دولایه‌نه‌ له‌م ماوه‌یه‌دا جێبه‌جێ ده‌كرێت".

جێی ئاماژەیە لەمانگی نیسانی ساڵی رابردووەوە بەبڕیارێک ڤیزای کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر هاوڵاتیانی هەرێم هەڵگیرا و بەم هەنگاوەش هاتوچۆی هاوڵاتیان بۆ ئەو وڵاتە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

هــ. ر


PM:06:18:19/02/2020




ئه‌م بابه‌ته 3000 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو