یەکێتی ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشی داعش بۆ سەر دوبز بڵاوکردەوە
وێستگە نیوز-
ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشی داعش بۆ گوندی چەخماخەی سەر بە قەزای دوبز بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا یەکێتی دەڵێت، " ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تووندی ئیدانەی پەلاماری تیرۆریستان دەکات بۆ سەر گوندی چەخماخەی سەر بەقەزای دووبز لە پارێزگای کەرکوک. کە بەو هۆیەوە چوار هاووڵاتی سیڤڵ شەهیدبوون و دوو هاووڵاتی دیکەش برینداربوون".
هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، " تەئکید دەکەینەوە پێویستە هەرچی زووە کاری جددی بکرێت بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی کەرکوک و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لەو ناوچانە بەھۆی نەبوونی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە دروست بووە و بووەتە هۆی مەترسیی بۆ سەر گیان و ژیانی رۆژانەی هاووڵاتیان".
دەقی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان:
ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تووندی ئیدانەی پەلاماری تیرۆریستان دەکات بۆ سەر گوندی چەخماخەی سەر بەقەزای دووبز لە پارێزگای کەرکوک. کە بەو هۆیەوە چوار هاووڵاتی سیڤڵ شەهیدبوون و دوو هاووڵاتی دیکەش برینداربوون.
ئێمە لە کاتێکدا پرسەو سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی کەسوکاری شەھید و قوربانییەکان دەکەین و هیوای زووچاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین. تەئکید دەکەینەوە پێویستە هەرچی زووە کاری جددی بکرێت بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی کەرکوک و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لەو ناوچانە بەھۆی نەبوونی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە دروست بووە و بووەتە هۆی مەترسیی بۆ سەر گیان و ژیانی رۆژانەی هاووڵاتیان.
پێویستە حکومەتی فیدرال بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و رەسمی سەرشانی خۆی بەرامبەر دانیشتووانی ناوچەکە جێبەجێبکات کە بەهۆی ناکارایی ئیدارەی پارێزگاکە و نەگونجانی لەگەڵ ئیرادەی فرە رەنگی دانیشتوانییدا دروست بووە.
پێویستە هەنگاوی جددی و پێویست بنرێت بۆ رێکەوتن لەگەڵ هێزی پێشمەرگە وەک بەشێک لە مەنزومەی ئەمنی و سەربازی عێراق.
ھێزی پێشمەرگە لە نەبەردی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعشدا ، بەکردەوە و بە خوێن خەڵکی کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکانی لەھەموو نەتەوەکان پاراستووە، ئێستاش دەتوانێت بە هەماهەنگیی لەگەڵ ھێزە ئیتحادییەکان ئارامی و ئاسایش بەرقەرار بکاتەوە تاوەکو بەھەموو لایەک رێ لە پشێوی ئەمنی و تەرھیب و تەعریب بگیرێت.
ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی ھەروەھا نوێنەرانی یەکێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران و تێکڕای نوێنەرانی کەرکووک لە ھەموو ئاراستە و پێکھاتەکان کە بەدەنگ و متمانەی خەڵکی کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکان ھەڵبژێرداون ھان دەدا و رایان دەسپێرێ ھەموو توانای خۆیان لە پێناوی گەڕانەوەی ئارامی و ئاسایش بخەنەگەڕ و بیکەنە ئەولەویەتی کارەکانیان کە ئێمە لەو ھیمەتەیان دڵیاین و لە پاڵپشتی گەرم و دەستووبردی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش، لە ھەموو ئاستەکان، دڵنیایان دەكەینەوە .
ھەماھەنگی حکومەتی ئیتحادی کە ئێستا زیاتر سەرقاڵی دۆخی بەغدایە، لەگەڵ ھێزی پێشمەرگەی کوردستان باشترین چارەسەرە بۆ رێگەگرتن لە دزەکردنی تیرۆریستان.
نەمری بۆ شەھیدانی چەخماخە و گشت شەھیدانی دەستی تیرۆر و تەندروستی باش بۆ بریندارەکان و سەربەرزی بۆ خەڵکی خۆراگری چەخماخە
ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
2020-2-19
AM:10:42:19/02/2020
ئهم بابهته 1748
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت