ئێران و عیراق لێکۆڵینەوە لەو کەسانە دەکەن کە لە کوشتنی سولەیمانی تێوەگلاون



وێستگە نیوز- 
ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێران "ئیرنا" بڵاویکردەوە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران و عێراق ڕێککەوتوون لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ دۆزینەوەو لێکۆڵینەوە لەو کەسانەی لە کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس تێوەگلاون. 

بەپێی هەواڵەکەی ئیرنا ئەم رێککەوتنە دوای کۆبوونەوەی هەریەک لە مەحمود عەباسی، یاریدەدەری وەزیری دادی ئێران و زاری جابر فەرهود، جێگری داواکاری گشتی عیراق و کامل ئەمین هاشم، بەڕێوەبەری کاروباری مافی مرۆڤ و پاڵپشتی نێودەوڵەتی لە وەزارەتی دادی عیراق هاتووەتەکایەوە. 

لە کۆبوونەوەکەدا بەرپرسەکەی ئێران کوشتنی سولەیمانی بە تاوان و کارێکی مەترسیدار ناوبردووەو وتوویەتی، " بەدواداچوونی یاسایی لەلایەن هەریەک لە ئێران و عیراقەوە لە دادگا نێودەوڵەتیەکان بۆ ئەم پرسە دەکرێت". 

هەروەها وتووشیەتی، " قاسم سولەیمانی لەو وەک میوانی فەرمی گەیشتووەتە عیراق کە دەوڵەتێکە خاوەن سەروەری نێودەوڵەتیە". 

لای خۆشیەوە جێگری داواکاری گشتی عیراق وتوویەتی، " دامەزراوەی دادوەری عیراق هەر لە سەرەتای ڕووداوەکەوە دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوە لە کوشتنی قاسم سولەیمانی و هاوڕێکانی" ، جەختی لەوەش کردووەتەوە پێشنیارەکەی یاریدەدەری وەزیری دادی عیراق بۆ دروستکردنی لیژنەیەکی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات بۆ لێکۆڵینەوە مایەی گفتوگۆ و بەدواداچوونە.  

بەرەبەیانی رۆژی ٣ ی مانگی ڕابردوو لە بۆردوومانێکی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکادا هەریەک لە قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری بەرپرسی دەستەی حەشدی شەعبی کرانە ئامانج و کوژران. 


ش . ر 


PM:03:15:16/02/2020


ئه‌م بابه‌ته 2304 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت