هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا: دەنگ بە هیچ کاندیدێکی حزبی لە کابینەکەی عەلاوی نادەین

‌ محەمەد تۆفیق عەلاوی، سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراوی عیراق


وێستگە نیوز- 
پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عیراق ڕایگەیاند، هاوپەیمانێتیەکەیان لە حکومەتەکەی محەمەد تۆفیق عەلاوی-دا دەنگ بە هیچ کاندیدێکی حزبی نادات. 

لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ شەممە ١٥ ی ٢ ی ٢٠٢٠ مەنسور ئەلبوعەیجی، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا دەڵێت، " هەر کەسێک لەلایەن حزب و هێزە سیاسیەکانەوە وەک کاندیدی وەزارەتێک بەسەر محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت بسەپێنرێت ، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ڕەتیدەکاتەوەو دەنگی پێنادات". 

لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە، " ئێمەی پەرلەمانتارانی دەوڵەتی یاسا بەڵێنمانداوە پشتیوانی حکومەتی نوێ بکەین ئەگەر داواکاری خۆپیشاندەران  جێبەجێ بکات و متمانەدان بە کاندیدەکان حزبی نەبێت"

ئاماژەی بەوەش کردووە، " پێویستە پێکهاتەی حکومەتەکە لە کەسانی سەربەخۆ و ناحزبی پێکبێت و خواستی حزبەکان بەسەر پۆستەکەدا زاڵ نەبێت کە لە پێشتردا وڵآت بەمەوە ناڵاندوویەتی، ئێمە وەک دەوڵەتی یاسا پشتیوانی حکومەتێکی نوێی سەربەخۆ دەکەین کە ئیرادەی هێزە سیاسیەکان بەسەریدا زاڵ نەبێت، ئێمە رێگە بە دووبارە بوونەوەی سیناریۆکانی پێشوو بۆ پێکهێنانی حکومەت نادەین". 


ش . ر 





AM:11:29:15/02/2020


ئه‌م بابه‌ته 2196 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت