سبه‌ینێ تره‌مپ رێككه‌وتنی سه‌ده‌ راده‌گه‌یه‌نێت و ئێرانیش له‌سه‌ر رێككه‌وتنه‌ هاته‌ ده‌نگ

‌ناتانیاهۆ و ترەمپ

وێستگه‌ نیوزـ

بڕیاره‌ سبه‌ینێ سێشه‌ممه‌، دۆناڵد ترەمپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا رێككه‌وتن سه‌ده‌ی تایبه‌ت به‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی نێوان فه‌له‌ستین و ئیسرائیل رابگه‌یه‌نێت، ئێرانیش یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌ی نواند و رێككه‌وتنه‌كه‌ی به‌ ساخته‌ وه‌سفكرد.

له‌كاتی پێشوازیكردنی لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە كۆشكی سپی، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند: چەندین وڵاتی عەرەبی رەزامەندییان لەسەر رێككه‌وتنی سه‌ده‌ی تایبه‌ت به‌  چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی نێوان فه‌له‌ستین و ئیسرائیل داوە و بە رێككەوتنێكی مەزن وەسفیان كردووە.

وتیشی: "سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و چەند لایەنێكی دیكەش پشتیوانی پلانی ئاشتی دەكەن" و جەختیشیكردەوە كە لە كۆۆتاییشدا فەڵەستینییەكانیش پشتیوانی دەكەن و سبەینێش فەڵەستینییەكان لە پلانەكە ئاگادار دەكرێنەوە.

هاوكات بنیامین ناتانیاهو سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند ترەمپ گەورەترین دۆستی ئیسرائیلە و لە سازشیش لە رێككەوتنی سەدە ناكەن، وتیشی: "رێككەوتنی سەدە بەلای ئیسرائیلەوە هەلی سەدەیە".

له‌ به‌رامبه‌ریشدا حكومه‌تی ئێران یەكەم كاردانەوەی دژ بە رێككەوتنه‌كه‌ راگەیاند و محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران رێككەوتنی سەدەی بە رێككەوتنێكی ساختە وەسفكرد.

زه‌ریف وتی: لە بری ئەو رێككەوتنە ساختەیە باشتر بوو ئەو چارەسەرە دیموكراسییە قبوڵ بكرایە كە عەلی خامنەئی پێشكەشی كردبوو كه‌ پێشنیازی كردبوو موسڵمان و جولەكە و كریستیانەكانی فەڵەستین لە رێی راپرسییەكەوە چارەنوس و ئایندەی خۆیان دیاری بكەن.


PM:10:23:27/01/2020


ئه‌م بابه‌ته 6816 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو