ئه‌مریكا: ئێستا گفتوگۆ له‌ باره‌ی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانمان له‌ عیراق ناكه‌ین

‌فۆتۆ: گێتی

وێستگه‌ نیوز ـ
جێمس جیفری، نێردراوی تایبه‌تی ئه‌مریكا بۆ سوریا رایگه‌یاند، بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق بۆ ده‌ركردنی هێزه‌كانی ئه‌مریكا، بڕیارێكی پابه‌ندكار نییه‌ و ئه‌مریكا گفتوگۆ له‌ باره‌ی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی له‌و وڵاته‌ ناكات.


له‌ كۆنفرانسێكی میدیاییدا، جێفری رایگه‌یاند: ئه‌مریكا ناخوازێت هێزه‌كانی له‌ عیراق بكێشێته‌وه‌.

وتیشی: "له‌ كۆتاییدا ئه‌و پرسه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ بڕیاری عیراقه‌وه‌".

جیفری راشیگه‌یاند، ئه‌مریكا له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا نایه‌وێت گفتوگۆ له‌گه‌ڵ عیراق بكات له‌ باره‌ی كشانه‌وه‌ی سوپاكه‌ی.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، پێویسته‌ به‌رپرسانی عیراق، به‌ر له‌ پرسی ده‌ركردنی هێزه‌كانی ئه‌مریكا، بیر له‌ په‌یوه‌ندی دوو قۆڵی نێوان به‌غدا و واشنتن بكه‌نه‌وه‌.

جێمس جیفری ئه‌وه‌شی وت: "رێككه‌وتنی مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عیراق له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراق واژوو كراوه‌، نه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، هه‌ر بۆیه‌ په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ حكومه‌ته‌".

ئه‌م لێدوانه‌ی جێمس جێفری له‌ كاتێكدایه‌، كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ لایه‌ن موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌دره‌وه‌ ناونراوه‌، "هه‌ینی سه‌روه‌ری" و خۆپیشاندان له‌ ناوچه‌ی جادریه‌ی به‌غدا ده‌ستیپێكردووه‌.

هه‌زاران هاوڵاتی له‌ سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی به‌غدای پایته‌خته‌وه‌ روویان له‌ گۆڕه‌پانی خۆپیشاندانی ملیۆنی كردووه‌.

دوێنێ سه‌در رایگه‌یاند، "له‌ خۆپیشاندانێكی ملیۆنیدا مانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ عیراق و پێشێلكردنی سه‌روه‌ری خاكه‌كه‌مان ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌".

شه‌وی رابردوو له‌ په‌یامێكی نوێیدا، سه‌در داوای له‌ عیراقییه‌كان كرد، رێگه‌ نه‌ده‌ن هیچ كه‌سێكی سیاسی به‌شداری له‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ بكات.

داواشیكرد، ته‌نیا ئاڵای عیراق به‌رز بكرێته‌وه‌ و هیچ كه‌سێك بۆی نییه‌ ئاڵای دیكه‌ هه‌ڵبكات.

له‌ به‌رامبه‌ردا، باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا هه‌ڕه‌شه‌ی به‌كارهێنانی هێزی كردووه‌، ئه‌گه‌ر خۆپیشانده‌ران نزیكی خاڵه‌كانی باڵیۆزخانه‌كه‌ ببنه‌وه‌.

ره‌وتی سه‌در، داوای ده‌ركردنی هێزه‌ بیانییه‌كان له‌ عیراق و پاراستنی سه‌روه‌ری عیراق ده‌كات.

گرووپه‌كانی سه‌ر به‌ "به‌ره‌نگاری عیراق – مقاوه‌مه‌" پشتیوانیان بۆ خۆپیشاندانه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی سه‌در ده‌ربڕیوه‌.

هــ. ر


AM:11:13:24/01/2020


ئه‌م بابه‌ته 1868 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو