دادگای هه‌ولێر له‌ باره‌ی كاری كۆمپانیای عه‌ریزه‌ نووسه‌كانه‌وه‌ بڕیاریدا

‌فۆتۆ: ئەرشیڤ

وێستگه‌ نیوز ـ
دادگای‌ کارگێری‌ هەولێر کاری‌ کۆمپانیای عەریزەنووسەکانی‌ رەتکردەوە و رایگەیاند، نایاساییە و پێچەوانەی‌ یاسایە.


بەپێی‌ ئەو نوسراوەی‌ دادگای‌ کارگێری‌ هەولێر کە لە 23ی‌ کانوونی‌ یەکەمی‌ ساڵی‌ رابردوو دەرکراوە و تیایدا هاتووە، "داوالێکراو کە وه‌زارەتی‌ دادی‌ هەرێمە، لە 30ی‌ حوزەیرانی‌ 2019، بڕیاری‌ دەرکردووە و رەزامەندبووە لەسەر نوسراوی‌ ژمارە 1342ی‌ 18ی‌ حوزەیرانی‌ 2019، لەلایەن هاوڵاتی‌ دلۆڤان کەمال ئەحمەد، داوای‌ لەسەر تۆمارکراوە، بەوەی‌ کاری‌ کۆمپانیای‌ بە ئەلیکترۆنیکردنی‌ عەریزەنوسەکان رەتبکاتەوە".

بەپێی‌ نوسراوەکەی‌ دادگای‌ کارگێڕی‌ هەولێر، دادگا بەسەرۆکایەتی‌ دادوەر عومەر محەمەد باجەلان، و ئەندامێتی‌ هەردوو دادوەر، دهام ئەکرەم و نەوزاد حسێن دانیشتنێکی‌ لەسەر ئەو کەیسە ئەنجامدا و بۆی‌ دەرکەوت نایاساییە و پێچەوانەی‌ یاسایە، بۆیە بڕیاریدا کاری‌ کۆمپانیای‌ بە ئەلیکترۆنیکردنی‌ عەریزەنوسەکان کە کۆمپانیایەکی‌ کەرتی‌ تایبەتە رەتبکاتەوە.

بەپێی‌ نوسراوەکەی‌ دادگا، "لە یاسای‌ وەزارەتی‌ دادی‌ حکومەتی‌ هەرێمدا نییە کە وەزیر یان وەزارەتی‌ داد، رێکەوتن و گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکی‌ بیانی‌ یان هەر کۆمپانیایەکی‌ دیکە بکات، بۆ کاری‌ عەریزەنوسەکان و رایکردنی‌ مامەڵەی‌ هاوڵاتییان".

بڕیاری‌ دادگای‌ هەولێر، بەپەشتبەستن بە حوکمی‌ ماددەکانی‌(13 و14 و17و18) لە یاسای‌ ئەنجومەنی‌ شورای‌ هەرێم، و ماددەکانی‌ (88 و 154 و155 و156 و 159 و 161 و 162 و 166)، لە یاسای‌ دادبینی‌ شارستانی‌.

لە 13ی شوباتی 2019، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ئەوکاتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، نوسراوێکی‌ بە ژمارە 809 ئاراستەی وەزارەتی داد کردووە، رەزامەندی لەسەر گرێبەستی‌ کۆمپانیای‌ بە ئەلیکترۆنیکردنی‌ کاری‌ عەریزەنوسەکان دەربڕی.

رۆژی‌ 27ی‌ شوباتی‌ 2019، گرێبەستەکە لە نێوان وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێم، وەک لایەنی یەکەم و کۆمپانیای ئینفۆ ئاڕ ئاڕ کە کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتە واژۆکراوە، بەپێی گرێبەستەکە، نرخی‌ عەریزەنووسین بۆ 25 هەزار دینار بەرزکراوەتەوە و لەسەدا هەشتای‌ ئەو پارەیەش بۆ کۆمپانیاکە دەبێت و ماوەی کارکردن بەو گرێبەستەش بۆ 15 ساڵە.

هەر بەپێی ئەو گرێبەستە 25 هەزار دینار بۆ هەر مامەڵەیەک وەردەگیرێت لەو بڕە 20 هەزار دیناری بۆ لایەنی دووەم واتە کۆمپانیاکە دەبێت و پێنج هەزار دیناریشی بۆ حکومەت وەک لایەنی یەکەم دەبێت، کە دوو هەزار و 500 دیناری بۆ هاندانی فەرمانبەرانی دادنوس و فەرمانگەکانی دادنوس خەرج دەکرێت و دوو هەزار و 500 دینارەکەی‌ تریش، وەک داهات بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە، ئەوەش ناڕەزایەتی هاوڵاتییان و عەریزەنووسانی هەرێمی‌ لێکەوتەوە.

هــ. ر


PM:06:33:22/01/2020




ئه‌م بابه‌ته 3572 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت