له‌ماوه‌ی دوو رۆژی رابردووی خۆپیشاندانه‌كانی عیراقدا 140 كه‌س كوژراون و برینداربوون


وێستگه‌ نیوزـ

كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ له‌ عیراق ئاماری دوو رۆژی رابردووی خۆپیشاندانه‌كانی عیراقی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند كه‌ له‌ماوه‌ی ئه‌و دوو رۆژه‌دا 10 خۆپیشانده‌ر كوژراون و ده‌یانی دیكه‌ش برینداربوون.

كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ له‌ عیراق ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاویكرده‌وه‌، له‌ماوه‌ی دوو رۆژی رابردووی خۆپیشاندانه‌كانی عیراق، 10 كەس لە بەغدا و پارێزگاكانی دیكە كوژراون و 130ی دیكەش بریندار بوون، ده‌شلێت كه‌ زۆربەی قوربانییەكان لە بەغدا تۆماركراوە كە چوار كوژراو و 85 بریندار بوون، ئەمە جگە لە دەستبەسەركردنی 36 كەسی دیكە.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ لە پارێزگای  بەسڕە سێ خۆپیشاندەر كوژران و یەكێكی دیكەش بریندار بوو، هاوكات دوو خۆپیشاندەریش لە كەربەلا كوژران و 18ی  دیكەش بریندار كران و قوربانییەكانی دیكەش لە پارێزگاكانی دیالە و زیقار بوون.

لە سه‌ره‌تای خۆپیشندانه‌كانی عیراقه‌وه‌ كه‌ له‌ مانگی تشرینی یەكەمی 2019ه‌وه‌ ده‌ستیپێكرد، تائێستا، زیاتر لە 600 خۆپیشاندەر بە دەستی هێزە ئەمنییەكاین عیراق كوژراون و زیاتر له‌ 20 هه‌زاری دیكەش بریندار بوون.


PM:08:32:21/01/2020


ئه‌م بابه‌ته 2064 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت