هەڵۆ عەسکەری: داهاتی ساڵی ڕابردووی دەستەی ژینگەی هەرێم ١٩١ ملیۆن دینار بووە



وێستگە نیوز- 
دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی ھەرێمی کوردستان ئامارەکانی ساڵی ٢٠١٩ی بڵاوکردەوە و تیایدا باس لەوە دەکات کە ١٩١ ملیۆن دینار داھاتی دەستەکە بووە و هەزار و ٣٩٨ مۆڵەتیشیانداوە و ئاماژە بەوەیش دەکات کە داهاتی ژینگە بۆ وەزارەتەکانی ناوخۆ و دارایی دەچێت.

هەڵۆ عەسکەری ، سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا تیشکی خستە سەر ئامارەکانی ساڵی رابردوو کە تیایدا ئاشکرایکرد لە ساڵی رابردوودا، ٨٠٣ مۆڵەت لە پارێزگای سلێمانی، ٤١٦ مۆڵەت لە پارێزگای هەولێر، ١٠١ مۆڵەت لە پارێزگای دهۆک، ٧٠ مۆڵەت لە ئیدارەی راپەڕین و هەشت مۆڵەت لە گەرمیان دراوە کە کۆی گشتی دەکاتە هەزار و ٣٩٨ مۆڵەت.

هەڵۆ عەسکەری ئاماژەی بەوەیش کرد کە لە ساڵی رابردوودا لە هەولێر چوار پڕۆژە، سلێمانی پێنج پڕۆژە، دهۆک سی پڕۆژە و راپەڕین سی پڕۆژە مۆڵەتیان پێ نەدراوە.

سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، هەڵۆ عەسکەری تیشکی خستە سەر دۆسیەکانی تایبەت بە سکاڵای سەر پڕۆژەکان و سزادانییان کە لە هەولێر ٣٣ سکاڵایان تۆمارکردووە کە ٤١ ملیۆن و ٥٠٤ هەزار و ٤٧٥ دیناریان وەک سزا لە خاوەن پڕۆژەکان وەرگرتووە. لە سلێمانیش ١٩٠ سکاڵایان تۆمارکردووە کە ٥١ ملیۆن و ٣٥٨ هەزار دیناریان وەک سزا لە خاوەن پڕۆژەکان وەرگرتووە و لە دهۆک ١٣ سکاڵایان تۆمار کردووە کە ٩٩ ملیۆن و ٩٤٠ هەزار دیناریان وەک سزا لە خاوەن پڕۆژەکان وەرگرتووە.

هەڵۆ عەسکەری ئاماژەی بە بەدواداچوون و پشکنینەکانی لیژنەی تایبەت کرد و وتی، "بەدواداچوون و پشکنین بۆ هەزار و ٨١٥ پڕۆژە لە سلێمانی و ٢٩٣ پڕۆژە لە هەولێر و ٨٩٢ پڕۆژە لە دهۆک و ١٣٣ پڕۆژە لە راپەڕین و ٣٠ گەرمیان پڕۆژەش کراوە".

هەڵۆ عەسکەری لەبارەی رێژەی سەوزایی لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون و بەدواداچوونەکانی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە گوتی: "زۆرێک لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون ناتوانن سەدا ٢٥ی سەوزایی لە پڕۆژەکەیان جێبەجێ بکەن بۆیە لە دەرەوەی شار قەرەبوویان پێ دەکرێتەوە".

سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان لەبارەی وەرگرتنی پارەی ژینگە و رێگاوبان لە شوفێران لە میانی رایکردنی مامەڵەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ گوتی: "بەپێی یاسای ژینگەی ھەرێم دەبێت ئەو پارەیە لە شۆفێران وەربگیرێت، بەڵام بە فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران ئەو دەسەڵاتە لە ئێمە وەرگیراوەتەوە و دراوەتە وەزارەتی ناوخۆ، ئێستاش ئەو پارەیەی وەردەگیرێت سەدا ٢٠ی بۆ وەزارەتی ناوخۆ و سەدا ٨٠ی بۆ وەزارەتی دارایی دەگەڕێتەوە".

هەڵۆ عەسکەری لەبارەی پاڵاوگەکانیش ئاماژەی بەوەکرد کە لە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاردراوە بۆ ئەوەی پاڵاوگە نایاساییەکان رێگەی کارکردنیان پێ بدرێت دوای جێبەجێکردنی مەرجە دارایی و ژینگەییەکان کە ئێستا لیژنە بۆ ئەم بابەتە دروستکراوە.

سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان لەبارەی رێژەی سەوزایی لە کوردستاندا گوتی: "رێژەی سەوزایی لە سەرانسەری کوردستان سەدا ١٢یە، بەڵام لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکە جیاوازە، بۆ نموونە لە گەرمیان سەدا سێ و لە دهۆک سەدا ١٧یە".

هەڵۆ عەسکەری نیگەرانی خۆی دەربڕی لەبارەی پەیکەری دەستەکەیانەوە و رایگەیاند کە پەیکەری دەستەکەیان وەک پێویست نین چونکە سەدا چواری فەرمانبەرەکان دەرچووی بواری ژینگەن و سەدا حەوتیان نەخوێندەوارن و سەدا ٤٠ی فەرمانبەرانیش بڕوانامەی ناوەندی و ئامادەییان هەیە.


ش . ر 



PM:04:57:20/01/2020


ئه‌م بابه‌ته 2888 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو