دۆخەكە بەرەو هەڵكشانە
لەلایەن دەستێكی نەناسراو بارەگای حزبوڵڵا لە نەجەف سوتێندرا


وێستگە نیوز-
بە بێ بوونی خۆپیشاندەر لەو ناوچەیەدا شەوی رابردوو بارەگای حزبوڵڵای عیراقی كە یەكێكە لە ملیشیا شیعەكان لە شاری نەجەف سوتێندرا و بە گشتیش دۆخەكە بەرەو هەڵكشان دەچێت لە شارەكانی باشووری عیراق.

بە پێی زانیارییەكان شەوی رابردوو بارەگای حزبوڵڵا لە شاری نەجەف سوتێندراوە، لەو بارەوە چالاكوانانی خۆپیشاندەران ئاشكرایانكرد كە هیچ خۆپیشاندەرێك لەو ناوەدا نییە و هۆكاری سوتانەكە و كێ لە پشتییەوەیەتی نازانن.

هەروەها بەر لە كۆتایی ئەو مۆڵەتەی خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانەكاندا دیاریانكردووە بۆ دانانی سەرۆكوەزیرانی نوێ، نزیكە لە كۆتایی و بەر لەو وادەیەش دۆخەكە بەرەو هەڵكشان دەچێت.

هەر لە نەجەف خۆپیشاندەران بە سوتاندنی تایەی ئۆتۆمبێل رێگای فڕۆكەخانەی نەجەفیان داخستووە و داوا لە حكومەت دەكەن بەدەم داواكارییەكانیانەوە بێت، هەروەها لە دیمەنێكی تردا دەردەكەوێت كە ناڕازی خوازان دەرگای بەشێك لە فەرمانگەكان لەحیم دەكەن بە مەبەستی رێگری لە بەڕێوەچوونی دەوام.


بە پێی هەواڵێكی سۆمەریە نیوزیش كە ئەم بەیانییە بڵاوی كردۆتەوە لە شاری بەغدا خۆپیشاندەران رێگە سەرەكییەكانیان لە گۆڕەپانی "تەیاران" لە ناوەڕاستی بەغدا داخستوە و پێكادانیش لە نێوان ئەوان و هێزە ئەمنییەكاندا روویداوە.

ئەو سەرچاوە باس لەوە دەكات كە هێزە ئەمنییەكان گازی فرمێسك رێژیان بەكار هێناوە بۆ بڵاوە پێكردنی خۆپیشاندەران لە ئەنجامدا شەش كەس تووشی حاڵەتی تەنگەنەفەسی بوون و ڕەوانەی نەخۆشخانە كراون.

ماوەی سێ مانگە خۆپیشاندان شارەكانی باشووری عیراقی گرتۆتەوە و ئەوان داوا چاكسازی و هەولی كار و باشكردنی بژێوی دەكەن لەگەڵ ئەوەشدا پێیان وایە كە ئەم حكومەتەی ئیستا هەیە ناتوانێت بەو كارە هەستێت و داوای گۆڕینی دەكەن.

د.ح
 


AM:08:44:19/01/2020






ئه‌م بابه‌ته 7232 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت