كونسوڵی ئەمریكا پیرۆزبایی لە یەكێتی دەكات


وێستگە نیوز-
نوسینگەی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاشكرایكرد كە "ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ١٨/١/٢٠٢٠ لەشاری هەولێر، كۆسرەت ڕەسول عەلی پێشوازیكرد لە ستیف فەیگن كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان".


‎بە پێی راگەیەندراوی كۆبوونەوەكە "لە سەرەتای دیدارەكەدا كونسوڵی ئەمریكا پیرۆزبایی سەركەوتنی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیی لەكۆسرەت ڕەسول كرد".

‎باس لەوەش دەكات كە لە دیدارێكدا گفتوگۆكرا لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و ئەمریكا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەكان و هەماهەنگی زیاتر لەنێوان هەردوولا، هەروەك كۆسرەت ڕەسول سوپاسی ئەمریكاو وڵاتانی هاوپەیمانی كرد كە هەمیشە هاوكارو پشتیوانی كورد بوونە.

‎بەشێكی تری دیدارەكە گفتوگۆكردن بوو لەبارەی دۆخی كوردستان و هەنگاوەكانی چاكسازی لەنێو هێزی پێشمەرگە، هەردوولا گفتوگۆی وردیان كرد لەبارەی هەنگاوەكانی چاكسازی و جەختیان لەوە كردەوە كە دەبێ هەنگاوی جدی بنرێ بۆ ئەم پڕۆسەیەو پشتیوانی خۆیان بۆ دووپاتكردەوە.

‎پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا تەوەرێكی تری دیدارەكە بوو، هەریەك لە كۆسرەت ڕەسول و كونسوڵی ئەمریكا لە هەرێم هاوڕابوون كە گفتوگۆ ببێتە بنەمای كاركردنی نێوان هەرێم و بەغداو سەرجەم كێشەكان بەگفتوگۆ و لە چوارچێوەی دەستوور چارەسەر بكرێن.

‎پەیوەست بەدۆخی كوردستان كۆسرەت ڕەسول دووپاتی كردەوە كە لە هەموو كات زیاتر پێویستە كورد یەكدەنگ و یەكگوتارو یەكگرتوو بێ.

د.ح
 


PM:08:07:18/01/2020


ئه‌م بابه‌ته 2864 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو