ترەمپ باس لە هۆكاری كوشتنی سلێمانی و شێوازی كوشتنەكەی دەكات


وێستگە نیوز-
بە پێی تۆمارێكی دەنگی دۆناڵد ترەمپ كە دوێنێ قسەی كردووە باس لە هۆكاری كوشتنی قاسم سلێمانی سەرۆكی فەیلەقی قودسی ئێران دەكات.

لەو تۆمارەدا كە دوێنێ تۆماركراوەو ئەمڕۆ سی ئێن ئێن بڵاوی كردۆتەوە، ترەمپ بە بێ ئەوەی باس لە هۆكاری ئەوە بكات كە سلێمانی مەترسی بووە بۆ سەر ئاسایشی ئەمریكا، پاساوی دیكەی هێناوەتەوە و وتویەتی "سلێمانی شتی خراپی لەسەر وڵاتەكەمان دەوت"، دەشتپرسێت "چەند بێ مانایە گوێمان لەم وڕێنانە بێت؟".

وتوشیەتی "ئەو لە لیستەی تیرۆری وڵاتەماندا بوو، دەبوو لە وڵاتەكەی خۆی دابنیشێت لە باتی ئەوەی سەردانی وڵاتانی تر بكات و بەسەریاندا بگەڕێت".

ترەمپ ئاشكرایكردووە كە گوێ بیستی بەرپرسانی سەربازی وڵاتەكەی بووە لە كاتی پڕۆسەكەدا ، بە راستەوخۆ كاتێك پێیان وتووە "ئەوەتان گەورەم بەیەكەوەن.. گەورەم دوو خولەك و 11 چركەیان ماوە، دوو خولەك و 11 چركەیان ماوە بۆ ژیان، گەورەم ئەوەتان لە ئۆتۆمبێلێكی گولە نەبڕدان.. گەورەم دوو خولەكیان ماوە بۆ ژیان، گەورەم 30 چركە، 10، 9، 8..، دوای ئەوە لە ناكاودا "بوووم" گەورەم ئەوان كۆتاییان پێهات".

ترەمپ وەك ئاماژەیەك بۆ سلێمانی و ئەبو مەهدی وتویەتی "هەردووكیان بە یەك نرخ لە ناوبران".

هەروەها دان بەوەدا دەنێت كە كوشتنی سلێمانی جیهانی هەژاند "لە كاتێكدا كە ئەو شكستی نەدەهێنا".

د.ح
 


PM:07:56:18/01/2020


ئه‌م بابه‌ته 4028 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو