رێواز فایەق: لە ئێستادا پڕکردنەوەی‌ بەڵێننامە بۆ ده‌ستبه‌رداربوون له‌ مووچه‌ی خانه‌نشینی بەهای‌ یاسایی نییە

‌رێواز فایەق

وێستگه‌ نیوز ـ
سەرۆکی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان رایگەیاند، دوای‌ پەسەنکردنی‌ پڕۆژە یاسای‌ چاکسازی‌ لەلایەن سەرۆکی‌ هەرێمەوە، 30 رۆژ دیاریدەکرێت بۆ دەستبەرداربوون لە مافی‌ خانەنشینی‌، پێش ئەو وادەیە هەر کەسێک بەڵێننامە پڕ بکاتەوە لەڕووی یاساییەوە بەهای نابێت و مافی خانەنشینبوونی هەر دەمێنێت.


رێواز فایەق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان لە پۆستێکدا لە هەژماری‌ فەرمی‌ خۆی‌ لە فەیسبوک بڵاویكردووه‌ته‌وه‌: "خانەنشین بوون بۆ هەموو ئەوانەی لە خوار تەمەنی 60 ساڵن لەعیراق و خوار 63 ساڵن لە هەرێم، ئیجباری نییە، بەڵام ئەگەر تەمەنی 45 ساڵیان تەواو کرد و 15 ساڵ خزمەتیان هەبوو، چ لە عیراق بن یان لە هەرێم دەتوانن خانەنشین ببن، ئەگەر نەیانەوێت خانەنشین ببن، یاسا ناچاریان ناکات بە خانەنشین بوون، بەڵکو دەتوانن بگەڕێنەوە سەر کاری پێشوویان".

باسی‌ لەوەشکردووە: "سەبارەت بە پەرلەمانتارانی هەموو خولەکانی پەرلەمان، بە پێی بڕگەی (چوارەم)لە ماددەی حه‌وته‌می یاسای چاکسازی، تەمەنیان هەرچەند بێت و خزمەتیان هەرچەند بێت و بڕوانامەیان هەرچی بێت، دەتوانن دەستبەرداری خانەنشینی ببن وەک پەرلەمانتار، ئەم دەستبەرداربونە رێگر نییە لەوەی دواتر بە پێی یاسای خانەنشینی بەرکار لە هەرێم (شارستانی یان سەربازیی) خانەنشین ببن".

به‌ وته‌ی رێواز فایەق، هەر پەرلەمانتارێکی‌ خولی پێنجەم و خولەکانی تر، کە خواستیانە بەم یاسایە خانەنشین نەبن، لە ماوەیەک کە لە 30 رۆژ لە رێکەوتی بەرکاربوونی یاساکە تێپەڕنەکات، دەتوانن لە دیوانی پەرلەمان داوا پێشکەش بکەن "دوای بەرکاربوونی یاساکە، دیوانی پەرلەمان دەستپێکردنی وادەکە بەشێوەی یاسایی رادەگەیەنێت و هەر پەرلەمانتارێک لەو 30 رۆژەدا داوای دەستبەرداربوون پێشکەش بکات ئیتر مافی خانەنشینی نامێنێت".

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو: "پێش ئەو وادە و رێوشوێنەی لە بڕگەی چوارەمی ماددەی حه‌وته‌م باسکراوە، هەر پەرلەمانتارێک پێشتر فۆرم و داوا پێشکەش بکات، لە رووی یاساییەوە بەهای نابێت و مافی خانەنشینبوونی هەر دەمێنێت".

بریارە یاسای چاكسازی كه‌ په‌رله‌مانی كوردستان رۆژی پێنجشه‌ممه‌ 16ی كانوونی دووه‌م 2020، په‌سه‌ندی كرد، سبه‌ینێ یەکشەممە 19ی كانوونی دووه‌م، ئاڕاستەی سەرۆکایەتی هەرێم بکرێت، بۆ واژوو له‌سه‌ر كردنی.

هــ. ر


PM:02:28:18/01/2020


ئه‌م بابه‌ته 3364 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو