ده‌رچووه‌ دانەمەزراوەکانی كه‌ركوك سبه‌ینێ خۆپیشاندان دەکەن

‌دیمەنێک لە کۆبوونەوەی بەشێک لە لایەنەکان و دەرنەچووەکانی کەرکوک

وێستگه‌ نیوز ـ
ئەمڕۆ بەشێک لە لایەنە کوردییەکانی‌ کەرکوک لەگەڵ دەرچووە دانەمەزراوەکان کۆبوونەوە و پاڵپشتی‌ خۆیان بۆ داواکارییەکانیان راگەیاند.


جەنگی‌ عیزەدین، بەرپرسی‌ راگەیاندنی‌ مەڵبەندی‌ دووی‌ کەرکوک یەکێتی‌ نیشتمانی كوردستان له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە 18ی‌ کانوونی‌ دووەمی‌ 2020، بەرپرسی‌ راگەیاندنی‌ بەشێک لە لایەنە کوردییەکانی‌ کەرکوک لە کۆبونەوەیەکیان لەگەڵ خوێندکارە دەرچووە دانەمەزراوەکانی‌ کەرکوک هەموو جۆرە پاڵپشتییەکی‌ خۆیان بۆ داواکارییەکانیان دوپاتکردەوە.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، سبەینێ یەکشەممە 19ی كانوونی دووه‌می 2020، کاتژمێر 10ی‌ سەرلەبەیانی‌ لەگەڵ ئەو خوێندکارانە لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی‌ پەروەردەی‌ کەرکوک گرددەبنەوە بۆ دەربڕینی‌ ناڕەزایەتی‌ لە شێوازی‌ دامەزراندن لە شارەکە، چونکە لە نێوان پێکهاتەکان جیاوازییەکی‌ زۆر دەکرێت.

به‌ وته‌ی جه‌نگی عیزه‌دین، "لە گردبوونەوەکەی‌ سبەینێدا ئاڵای‌ کوردستان هەڵناکرێت نەوەک هەندێ لایەنی‌ سیاسی‌ شارەکە بۆ مەرامی‌ دیکە بیقۆزنەوە".

ئەوەش لەکاتێکدایە، چەندین جارە خوێندکارانی‌ دەرچووی‌ زانکۆ و پەیمانگاکان گرددەبنەوە و ناڕەزایەتی‌ دەردەبڕن لەشێوازی‌ دامەزراندنەکە و بە نادادپەروەرانە وەسفی‌ دەکەن.

هــ. ر


PM:12:40:18/01/2020


ئه‌م بابه‌ته 1388 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو