ترەمپ دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عیراق لەگەڵ بەرهەم ساڵح تاوتوێ دەکات



وێستگە نیوز- 
لە کۆڕبەندی ئابوری داڤۆس دۆناڵد ترەمپ و بەرهەم ساڵح پرسی دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عیراق تاوتوێ دەکەن. 

کۆڕبەندی ئابوری جیهانی لە ٢١ تا ٢٤ ی ئەم مانگەدا بە بەشداری سەرکردەی وڵاتان لە شاری داڤۆس لە سویسرا بەڕێوەدەچێت. 

کەناڵی CBS   ی ئەمریکی لە هەواڵنامەی سەرەکی رۆژی هەینیدا لە زاری چەند سەرچاوەیەک لە ئیدارەی کۆشکی سپی-یەوە گواستوویەتیەوە لە ئێستادا لە کۆشکی سپی-دا گفتوگۆ لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە لەگەڵ سەرۆک کۆماری عیراق دەکرێت و کۆشکی سپی ئومێدی هەیە سەبارەت بە بەڕێوەچوونی گفتوگۆ لەبارەی پرسی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عیراق". 

پرسی دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عیراق ئەوکاتە سەریهەڵدا کە لە ٢٩ ی ١٢ ی ساڵی ڕابردوو ئەمریکا هێرشی کردە سەر یەکەیەکی حەشدی شەعبی و دواتریش لە ٣ ی ئەم مانگەدا لە ئاکامی هێرشێکی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکیدا ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری بەرپرسی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێراندا لەسەر رێگەی فڕکەخانەی بەغداد کوژران. 

دواتر و لە ٥ ی ئەم مانگەدا پەرلەمانی عیراق پڕۆژەبڕیارێکی بۆ دەرچوونی هێزە بیانیەکان لە عیراق و لەناویشیاندا هێزەکانی ئەمریکا پەسەند کرد. 

دواتریش ترەمۆ ئەو بڕیارەی ڕەتکردەوەو هەڕەشەی "سەپاندنی سزای بە سەر بەغدادا کرد". 

کۆڕبەندی ئابوری جیهانی داڤۆس کۆبوونەوەیەکی ساڵانەی نێردراوە سیاسی و ئابوریەکانی وڵاتانی جیهانە، و بە یەکێک لە گەورەترین رووداوە جیهانیەکان دادەنرێت بۆ سەرکردە سیاسیەکان و بازرگان و نوێنەرانی رێکخراوەکان و ناوەندە ئەکادیمیەکان و کەسایەتیە رۆشنبیرییەکان و بەرپرسی میدیاکان کە لە چالاکیەکانی ئەم کۆڕبەندەدا بەشداری گفتوگۆکان دەکەن. 



ش . ر 



PM:12:14:18/01/2020


ئه‌م بابه‌ته 2312 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو