وەزیری کارەبای هه‌رێم: ناتوانین ته‌واوی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با به‌كار بهێنین

‌کەمال محەمەد، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان

وێستگه‌ نیوز ـ
وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئێستا توانای بەرهەمهێنانی شه‌ش هەزار و 700 مێگاوات کارەبایان هەیە، خواستیش شه‌ش هەزار تا شه‌ش هەزار و 500 مێگاواتە، به‌ڵام به‌هۆی كه‌می سووته‌مه‌نی ناتوانن ته‌واوی ئه‌و كاره‌بایه‌ به‌كار بهێنن.


کەمال محەمەد، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان لە بەرنامەکی ته‌له‌فزیۆنی كه‌ناڵی رووداو رایگەیاندبوو: " باسی کێشەی کارەبا دەکەین دەبێ باسی چوار سێکتەری سەرەکی بکەین لە بەرهەمهێنان، گواستنەوە، دابەشکردن و کۆنترۆڵ".

ئه‌وه‌شی وتبوو: "ئێستا توانای بەرهەمهێنانی شه‌ش هەزار و 700 مێگاوات کارەبامان هەیە و خواستیش شه‌ش هەزار تا شه‌ش هەزار و 500 مێگاواتە، ئەوەی بەرهەمی دەهێنین سێ هەزار و 700 مێگاواتە کە دەکاتە 47%ـی ئەو وزەیەی کە دەتوانین بەرهەمی بهێنین".

لە بارەی ئەوەی ئەی بۆ ناتوانن هەموو ئەو کارەبایە بەرهەم بهێنن و بیخەنە ناو تۆڕی نیشتمانی کارەباوە، كه‌مال محه‌مه‌د وتبووی: "350 مەتری سێجا لەلایەن داناغازەوە غازمان بۆ دابین دەکرێت، 125 مەتر سێجا لە خورمەڵە و 85 مەتر سێجاش لە قەیوان، ئەمانە بەشی نزیکەی 25 یەکە دەکەن کە ئێمە 36 یەکەمان هەیە".

وه‌زیری كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لەبارەی دابەشکردنی کارەبا بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ئه‌وه‌ی وتوووه‌: "ئێستا لەو رێژەیەی بەرهەمی دەهێنین 42% بۆ هەولێرە، 33.8% بۆ سلێمانییە و 24.5% بۆ دهۆکە، و لە 10 بۆ 12 کاتژمێر رۆژانە کارەبا دەدرێتە هاوڵاتیان".

ئه‌وه‌شی زیاد كردووه‌: ئێستا گرێبەستی بەرهەمهێنانی 1365 مێگاوات کارەبایان کردووە بەبێ هیچ سووتەمەنییەک، (کۆمباین سایکل هه‌زار مێگاوات لەگەڵ کار و قەیوان، 200 مێگاواتی ئاو، 165 مێگاوات لەو غازەی کە دەسووتێ و بەکاری هیچ نایەت) کە لەماوەی پێنج مانگ بەرهەمەکەی بێتە ناو تۆڕی کارەبای نیشتمانی.

کەمال محەمەد لەبارەی چارەسەری کیشەی کارەباوە وتبووی: "دڵنیایی دەدەینە هاوڵاتیان لەم کابینەیە کێشەی کارەبا لە دەستێکەوە دەچێتە دەستێکی دیکە، بەپێی ئەو کارانەی کردوومانە و بەهۆی ئەو جیدییەتەی لە سەرۆکی حکومەت، جێگرەکەی و ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران هەیە، بە دڵنیاییەوە لەم کابینەیە 90%ـی کێشەی کارەبا چارەسەر دەکرێت".

ئه‌م وتانه‌ی وه‌زیری كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌كاتێكدایه‌ كه‌ هاوڵاتییان بێزاری ده‌رده‌بڕن له‌ كه‌مبوونه‌وه‌ی كاتژمێره‌كانی كاره‌بای نیشتمانی.


AM:08:48:18/01/2020


ئه‌م بابه‌ته 1988 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو