نێچیرڤان بارزانی بۆ رێکخەری سەنتەری میترۆ: ئێوە پرۆفیشناڵانە كار دەكەن و چالاكن، راپۆرتەكانتان جێگە متمانەن



وێستگە نیوز- 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دیدارێکدا لەگەڵ رێکخەری سەنتەری میترۆ بەپێویستی دەزانێت هەمووان لە پەنابردن بۆ یاسا مافیان پارێزراو بێت، جا هاووڵاتی بێت یان رۆژنامەنوس. لە هەمانکاتدا پێیوایە دەبێت یاسای رۆژنامەگەری ئەو كەیسانەش چارەسەر بكات كاتێك رۆژنامەنووس سنووری رەوشتی پیشەكەی خۆی دەبەزێنێت.

لە دیدارەکەدا نێچیرڤان بارزانی بە ڕێکخەری سەنتەری میترۆ-ی وتووە، " ئێوە بە شێوەیەكی پرۆفیشناڵانە كار دەكەن، چالاكن، راپۆرتەكانتان جێگە متمانەن با هەموومان هەوڵی جیدی بدەین تاوەکو ژینگەی كاری رۆژنامەنووسی باشتر بكەین"

رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەڤانان دیدارێکی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە ، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، داوای لە سەنتەری میترۆ كردووە هەماهەنگی تەواو لەگەڵ دامەزراوە رەسمییەكانی هەرێمی كوردستان بكەن بە ئامانجی باشتركردنی ژینگەی كاری رۆژنامەنوسی و سەروەربوونی یاسای تایبەت بە زانیاری و رۆژنامەگەری.    
 
دیدارەکە بۆ رادەستكردنی راپۆرتی رەوشی ئازادی رۆژنامەنووسی بۆ ساڵی 2019 بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەنجامدراوە. نێچیرڤان بارزانی خۆشحاڵی دەربڕیوە بە چالاكییەكانی سەنتەری میترۆ و گوتوویەتی" ئێوە بە شێوەیەكی پرۆفیشناڵانە كار دەكەن، چالاكن، راپۆرتەكانتان جێگە متمانەن با هەموومان هەوڵی جیدی بدەین تاوەکو ژینگەی كاری رۆژنامەنووسی باشتر بكەین". 
 
رەحمان غەریب رێكخەری سەنتەری میترۆ داوای لە سەرۆكی هەرێمی کوردستان کردووە هاوكار بێت بۆ ئەوەی "ئەمساڵ باسی كوردستان لە ناو راپۆرتە نێوخۆیی و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، باشتر بكرێن، لە بواری باشتركردنی رەوشی مافی مرۆڤ و ئازادی رۆژنامەنوەسی و بیروڕا، داخوازیی رێكخراوەكانی ناوخۆ پشتگوێ نەخرێن چونکە پرەنسیپی رەخنە و چاودێریكردنی ئەدای دامەزراوە رەسمییەكان، حوكمڕانی بەهێز دەكەن نەك پێچەوانەكەی".


PM:09:49:16/01/2020








ئه‌م بابه‌ته 2604 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت