نەتەوە یەکگرتووەکان: هەزاران منداڵی چەکدارانی داعش لە سوریا لە دۆخێکی مەترسیداردان



وێستگە نیوز- 
چاودێرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکەن منداڵانی چەکدارانی داعش کە ژمارەیان هەزاران کەس تێدەپەڕێنێت بگەڕێنرێنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان. 

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٦ ی ١ ی ٢٠٢٠ لیژنەی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کە تایبەتە بە پرسی سوریا ڕایگەیاند، منداڵانی ئاوارەی سوریا کە منداڵی چەکدارانی داعشن لە دۆخێکی مەترسیداردان و هەڵگری ناسنامەی فەرمی نین. 

لیژنەکە دەشڵێت، "دەستگیرکردنی منداڵانی داعش لەگەڵ گەورەکانیاندا مەترسی دروستکردووە لەسەر ئەوەی ببنە خاوەنی ناسنامەی فەرمی، ئەمەش منداڵانی ڕووبەڕووی پێشێلکاری کردووەتەوە". 

پاولۆ پینیرۆ، سەرۆکی لیژنەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، دەستگیرکردنی منداڵانی "داعش" لەگەڵ گەورەکانیاندا "پێشێلکارییەکی ترسناکە" ، داواشی کرد کاربکرێت بۆ وەستاندنی و وتی، " ئەم هەموو دواخستنەی گواستنەوەی منداڵان لەم زیندانانەدا ئابڕووچوونە". 

ئاشکراشیکرد، بەپێی خەمڵاندنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ٢٨ هەزار منداڵی چەکدارانی بیانی داعش لە کەمپەکانی سوریادا دەمێننەوە. 

لە ساڵی ڕابردووەوە چەکدارانی بیانی ٥٠ وڵات لەگەڵ ژن و منداڵەکانیان لە عیراق و سوریا دەستگیرکراون ئەوەش دوای ڕاگەیاندنی تێکشکانی خەلافەتی داعش لەو دوو وڵاتە. 


ش . ر 



PM:07:25:16/01/2020


ئه‌م بابه‌ته 2580 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت