به‌شیر حه‌داد: هیچ مه‌ترسیه‌ك له‌سه‌ر به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم نییه‌

‌بەشیر حەداد

وێستگه‌ نیوز ـ
به‌شیر حه‌داد، جێگری‌ سەرۆکی‌ پەرلەمانی‌ عیراق رایگەیاند، ئێستا هیچ مەترسییەک لەسەر بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان نییە، چونکە حکومەتی‌ عیراق کار بە بودجەی‌ ساڵی‌ رابردوو دەکات.


بەشیر حەداد لەمیانی‌ بەشداریکردنی‌ لەبەرنامەیه‌كی ته‌له‌فزیۆنی رایگەیاند: "پێش سەرهەڵدانەوەی‌ خۆپیشاندانی‌ پارێزگاکانی‌ ناوەڕاست و باشوری‌ عیراق بەهۆی‌ ئەو دانیشتنانەی‌ لە نێوان شاندی هەرێم و بەغدا هەبوو دەربارەی‌ بودجە و نەوت لێکتێگەشتنی‌ باش هەبوو".

راشیگەیاند، لە چەند رۆژی‌ رابردوودا عادل عەبدولمەهدی‌ سەرۆک وەزیرانی‌ کاربەڕێکەری‌ حکومەتی‌ عیراق کە سەردانی‌ هەرێمی‌ کوردستانی‌ کردووە تیایدا باسی‌ سەرهەڵدانەوەی‌ گەڕێکی‌ نوێی‌ دانیشتنەکانی‌ نێوان هەرێم و بەغدا کراوە دەربارەی‌ کێشە هەڵپەسیراوەکانی‌ نێوانیان.

به‌شیر حه‌داد ئاماژەی‌ بەوەشکرد: ئەو بڕە پارەی‌ کە حکومەتی‌ عیراق مانگانە بۆ مووچەی‌ فەرمانبەرانی‌ هەرێمی‌ دەینێرێت تا کاتی‌ پەسەندکردنی‌ بودجەی‌ ساڵی‌ 2020 بەردەوام دەبێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە 12ی‌ کانوونی‌ یەکەمی‌ 2019 دا سامر غەزبان، وەزیری‌ نەوت و جێگری‌ سەرۆک وەزیرانی‌ عیراق بۆ کاروباری‌ وزە رایگەیاند، حکومەتی‌ ناوەند لەگەڵ حکومەتی‌ هەرێم رێککەوتوون، کە لە یەکی‌ مانگی‌ کانونی دووەمی‌ ساڵی‌ 2020 وە دەبێت هەرێم رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی‌ سۆمۆ بکات و لە بەرامبەریشدا حکومەتی‌ عیراق مانگانە 900 ملیۆن دۆلار وەک بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان رەوانە دەکات.

هــ. ر


PM:10:44:15/01/2020


ئه‌م بابه‌ته 2396 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو