به‌رپرسێكی ئه‌مریكا: به‌ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عیراق، داعش سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌


وێستگه‌ نیوزـ 

یاریده‌ده‌ری وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا رایگه‌یاند كه‌ له‌وانه‌یه‌ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عیراق، ببێته‌هۆی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی رێكخراوی داعش.

جۆی هود، یاریده‌ده‌ری یه‌كه‌می وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ وتارێكدا له‌ په‌یمانگه‌ی توێژنه‌وه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ واشنتنی پایته‌خت چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكای له‌ عیراق به‌كاریگه‌ریی پوولی دۆمینه‌ وه‌سفكرد وه‌ك چۆن پوولێك بخه‌یت هه‌موو ئه‌وانی دیكه‌ش به‌دوایدا ده‌كه‌ون.

هود وتی: ئه‌گه‌ر ده‌نگ له‌سه‌ر چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عیراق بدرێت، هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیش له‌و وڵاته‌ ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌، پاشان وه‌به‌رهێنه‌ره‌كانیش عیراق جێده‌هێڵن و به‌وه‌ش كێشه‌ بۆ سیستمی بانكه‌كانی عیراق دروست ده‌بێت و كاریگه‌رییه‌كان یه‌ك له‌ دوای یه‌ك كار له‌ ئه‌وی دیكه‌ ده‌كه‌ن، دواجاریش ده‌بێته‌هۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی رێكخراوی داعش بۆ عیراق.

یاریده‌ده‌ره‌كه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا وتیشی: كاتێك هاوبه‌شه‌ ستراتیژییه‌كان تووشی كێشه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیاندا ده‌بن، ده‌چنه‌ سه‌ر مێزی گفتوگۆ و قسه‌ له‌سه‌ر كێشه‌كان ده‌كه‌ن، ئه‌مریكاش ده‌یه‌وێت ئه‌و كێشه‌شه‌ به‌ گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكات.

دوای كوشتنی قاسم سوله‌یمانی له‌ 3ی كانونی دووه‌م له‌ نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا، په‌رله‌مانی عیراق بڕیارێكی په‌سه‌ند كرد بۆ چونه‌ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عیراق، به‌ڵام بڕیاره‌كه‌ هیچ قورساییه‌كی یاسایی نییه‌ و جێبه‌جێكردنی كه‌وتوه‌ته‌ ئه‌ستۆی حكومه‌تی عیراق.


AM:09:22:15/01/2020


ئه‌م بابه‌ته 2340 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت