وەزیری نەوتی عیراق: هەرێم لە سەری ساڵەوە 250 هەزار بەرمیل رادەستدەكات

‌سامر غەزبان وەزیری نەوتی عیراق

وێستگە نیوز-
وەزیری نەوتی عیراق ئاشكرایكرد كە حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند دەبێت بە رادەستكردنی 250 هەزار بەرمیلی رۆژانە، باسی ئەوەشی كرد كە چۆن هەرێم قەرزەكانی دەداتەوە.


سامر غەزبان وەزیری نەوتی عیراق ئەمڕۆ لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی سەباحی عیراقی ئاشكرایكرد" ئیستا هەرێمی كوردستان رۆژانە بڕی 450 هەزار بەرمیل نەوت دەنێرێت، بڕیاریشە لە سەرەتای ساڵی نوێوە 250 هەزاری رادەستی عیراق بكات".

وتیشی: هەرێم بە 200 هەزار بەرمیلەكەی دیكە كە دەینێریت بڕیارە كرێی كۆمپانیاكانی لێ بدات و ئەوی دیكەی دابنێت بۆ دانەوەی ئەو قەرزانەی لەسەر شانیەتی، لەگەڵ دابینكردنی هەندێك پێویستی دیكە.

بە وتەی غەزبان ئۆپیك بەیەك یەكەی سیاسی مامەڵە لەگەڵ هەرێم و عیراق دەكات و جیاوازی ناكات لە نێوانیاندا و بەو هۆوە عیراق پابەند دەبێت بە كەم كردنەوەی هەناردە كردنی نەوت بۆ بازاڕەكانی جیهان بە مەبەستی جێگیركردنی ئاستی نرخەكەی، تا چیتر نەوت بەرز و نزم نەكات بە پێی ئەو بڕیارەی پێشتر ئۆپیك داویەتی.

هاوكات وەزیری نەوتی عیراق ئاشكرایكرد كە لە ئیستاداعیراق رۆژانە چوار ملیۆن و500 هەزار بەرمیل نەوتی خام بەرهەم دەهێنێت، بەڵام بە ڕێژەی سێ ملیۆن و 880 هەزار بەرمیل هەناردە دەكات بەو 250 هەزار بەرمیلەی هەرێمی كوردستانەوە.

ئەم لێدوانەی سامر غەزبان لە بارەی دانەوەی قەرزەكانی هەرێم لە ڕێی ئەو 200 بەرمیل نەوتەوە لە كاتێكدایە كە وەفدی دانوستانكاری هەرێم باسیان لەوە كرد بڕیارە قەرزەكانیان بچێتە سەر قەرزەكانی حكومەتی عیراق و ئەوان بیدەنەوە.

د.ح
 


AM:10:48:12/12/2019


ئه‌م بابه‌ته 31168 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو