عیراق.. بە داری کریسمسەوە وێنەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکان هەڵواسراوە



وێستگە نیوز- 
ساڵانە لە پێشوازی ساڵی نوێی زایینیدا لە وڵاتانی جیهاندا مەراسیمی پێشوازی لە سەری ساڵی نوێ بە چەندین شێواز بەڕێوەدەچێت، رازاندنەوەی داری کریسمسیش بە گڵۆپ و بوکەڵە و رووناکی جۆراو یەکێکە لەو شێوازانە. 

بۆ خۆپیشاندەرانی عیراق لە ناوەڕاستی بەغدا کە مەیدانی سەرەکی خۆپیشاندانە، پێشوازی لە ساڵی نوێ و رازاندنەوەی داری کریسمیس بە جۆرێکی دیکەیە و لەجیاتی رازاندنەوەی دارەکە بە گڵۆپ و بوکەڵە  وێنەی خۆپیشاندەرە کوژراوەکانیان پێوە هەڵواسیوە. 

ئاژانسی ئەسیۆشێتد پرێس راپۆرتێکی سەبارەت بە پێشوازی ساڵی لە ناوەڕاستی بەغدا ئامادە کردووەو چەند خۆپیشاندەرێک بە ئاژانسەکەیان راگەیاندووە دەیانەوێت بەم کارەیان دەستخۆشی و پێشوازی لەو بڕیارەی مەسیحیەکانی عیراق بکەن کە ئەنجامدانی هەموو ئاهەنگێکی پێشوازی لە ساڵی نوێی 2020 ی هەڵوەشاندەوە وەک پشتیوانی و هاوخەمیەک بۆ کەسوکار و قوربانیانی خۆپیشاندانەکانی عیراق. 

پێشتر لە بەیاننامەیەکدا کۆمەڵگەی مەسیحیەکانی عیراق رایگەیاند، هەموو ئاهەنگێکی پێشوازی لە سەری ساڵی 2020 هەڵدەوەشێنەوەو مەراسیمەکان بەشێوەیەکی داخراو دەبن و خۆی لە نوێژ و بەخشینی زەخرەفەی تایبەت بە یادەکە بەسەر کەسوکاری قوربانیانی خۆپیشاندانەکاندا دەبینێتەوە. 

لای خۆشیەوە ئەلبێرت ئیلیاس کە چالاکوانێکی مەدەنی مەسیحیە و لە مەیدانی تەحریری بەغدا کۆشکی کتێب فرۆشی هەیە و کێبی ئینجیل بەبێ بەرامبەر بە سەردانکەرانی دەدات بۆ ئەسیۆشێتدپرێس وتوویەتی، " یەکێک لە گەورەترین ئەو شتانەی ئێمە وەک مەسیحیەکان لە سایەی رژێمی تائیفی عیراقدا پێوەی دەناڵێنین، پەراوێزخستنمانە". 

دەشڵێت، " سیاسیەکان کاتێک لە کۆبوونەوەکان لەگەڵمان دادەنیشن پێمان دەڵێن ئێوە دڵسۆز و بەتوانان بەڵام لە ئێستادا هیچ پۆستێکی حکومیمان نیە تا لە بەڕێوەبردنی عیراقدا بەشدار بین". 


ش . ر 




PM:06:09:11/12/2019


ئه‌م بابه‌ته 3212 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت