نێچیرڤان بارزانی: یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان خاوەنی مێژوویەکی پڕ سەروەری و تێکۆشانە


وێستگە نیوز-
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی پارتی بەیانامەیەكی ئاراستەی رێكخراوی یەكێتی ئافرەتانی سەر بە حزبەكەی كرد.


لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە " یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان خاوەنی مێژوویەکی پڕ سەروەری و تێکۆشانە، ڕۆڵی گرنگ و بەرپرسیارانەی هەبووە لە قۆناغە جیاجیاکانی خەباتی نیشتیمانی و نەتەوەییماندا و پێشەنگی خەباتی مەدەنی و ڕێکخراوەییە لە کوردستاندا".

دەشڵێت "ئەو مێژووە دێرینەی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، بەڵگەی هەبوونی بیری یەکسانیخوازی و پێشکەوتنخوازانەیە لە نەهج و بیروباوەڕی پارتی دیموکراتی کوردستاندا هەر لە سەرەتای خەباتی سیاسییەوە، بەڵگەی بڕوابەخۆبوون و زیندوویەتیی ئافرەتانی کوردستانیشە لە بینینی ڕۆڵی بەرپرسیارانەیان لە مێژووی گەلەکەماندا".

دەقی پەیامی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان:

بەڕێزان سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەت و ئەنجومەنی باڵای یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان..

بە بۆنەی (٦٧)هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە خۆتان و کادیر و ئەندامانی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان و سەرجەم ئافرەتانی کوردستان دەکەم. هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم.

یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان خاوەنی مێژوویەکی پڕ سەروەری و تێکۆشانە، ڕۆڵی گرنگ و بەرپرسیارانەی هەبووە لە قۆناغە جیاجیاکانی خەباتی نیشتیمانی و نەتەوەییماندا و پێشەنگی خەباتی مەدەنی و ڕێکخراوەییە لە کوردستاندا. ئەم ڕێکخراوە سەنگینە قوتابخانەیەک بووە بۆ پێگەیاندنی چەندین ناو و توانای دیار لە ئافرەتانی تێکۆشەر و قوربانیدەر و سەرکردە لە بواری خەباتی مەدەنی و سیاسی و پەروەردەیی و فەرهەنگی لە کوردستاندا.

ئەو مێژووە دێرینەی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، بەڵگەی هەبوونی بیری یەکسانیخوازی و پێشکەوتنخوازانەیە لە نەهج و بیروباوەڕی پارتی دیموکراتی کوردستاندا هەر لە سەرەتای خەباتی سیاسییەوە، بەڵگەی بڕوابەخۆبوون و زیندوویەتیی ئافرەتانی کوردستانیشە لە بینینی ڕۆڵی بەرپرسیارانەیان لە مێژووی گەلەکەماندا.

هەر بەم بۆنەیەوە، دووبارە پشتیوانیی تەواوی خۆمانتان بۆ دووپات دەکەینەوە لە خەباتی ڕێکخراوەیی و مەدەنیانەتان بۆ داکۆکیکردن لە ماف و خواستەکانی ئافرەتانی کوردستان و بەهێزکردنی بنەماکانی کولتووری یەکسانی لە کۆمەڵگەی کوردستانیدا.

هیوای سەرکەوتنی زیاتر و پێشکەوتنی بەردەوامتان بۆ دەخوازم.

بەرز و پیرۆز بێت ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان.

سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.
 
نێچیرڤان بارزانی
جێگری سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
١١/١٢/٢٠١٩

 


PM:02:11:11/12/2019


ئه‌م بابه‌ته 2116 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو