خانه‌نشینی وه‌زیر و په‌رله‌مانتاران هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌

‌کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران.. فۆتۆ: ئەرشیڤ

وێستگە نیوز ـ
سبه‌ینێ چوارشه‌ممه‌ 11ی كانوونی یه‌كه‌می 2019، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆیدا یاسای چاكسازی په‌سه‌ند ده‌كات، كه‌له‌ 21 ماده‌ پێكهاتووه‌.


كۆتایی مانگی رابردوو، ئەو لیژنەیەی بۆ پێداچوونەوە بە پرۆژەیاساكە پێكهێنرابوو كارەكانیان تەواوكرد، سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنی وەزیرانی هه‌رێمی كوردستان بۆ هه‌فته‌نامه‌ی "زەمەن"ی رایگه‌یاندوه‌، "دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو یەکێتی رازی نەبوو لەسەر بەشێکی پڕۆژەکە، بە پێداگریی سەرۆکی حکومەت ئەم چوارشەممەیە پڕۆژەکە دەبرێتە ناو کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران و پەسەند دەکرێت، بە مەبەستی رەوانەکردنی بۆ پەرلەمان".

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌: "بۆ ئەوەی پرۆژەكە بەزوویی لە پەرلەمانیش پەسەند بكرێت، وەزیرەكان بەكۆی دەنگ پەسەندی دەكەن بۆ ئەوەی فراكسیۆنەكانیان لە پەرلەمان دەنگی پێبدەن".

لەبارەی نیگەرانییەکانی یەکێتییەوە، سەرچاوەکە ئاشکرای کرد: "یەکێتی نیگەرانە لەو بەشەی کە تایبەتە رێکخستنەوەی پێشمەرگە و پێداچوونەوە بە خەرجی و مووچەی هێزەکانی 70، هەروەها نیگەرانە لە پێداچوونەوەی لیستی ئەو خانەنشینانەی پلەی باڵای سەربازییان پێدراوە".

سەرچاوەکەی ئەنجومەنی وەزیران ناوەڕۆکی پڕۆژەیاسای چاکسازیی ئاشکرا کردووه‌: "پڕۆژەکە ناوی (چاکسازیی لە خانەنشینی و مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان-عیراق)ە و لە 21 ماددە پێکهاتووە، لە پڕۆژە نوێیەکەدا خانەنشینی پەرلەمانتارو وەزیر نامێنێت، جگە لەو كەسانەی تەمەنیان سەروو 50 ساڵەو 15 ساڵ خزمەتیان هەیە (هاوشێوەی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عیراق)".

لە پڕۆژەکەی حكومەتدا راستكردنەوە كراوە بۆ مووچەی خانەنشینی ئەو كەسانەی بە پلەی بەرزتر لە شایستەی خۆیان خانەنشین كراون، واتە: كەسێك پلەی بەڕێوەبەری گشتییەو بە بریكاری وەزیر خانەنشین كراوە، دەكرێتەوە بە بەڕێوەبەری گشتی، هەروەها هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی ئەو كەسانەی كە بە پلەی وەزیرو بریكاری وەزیرو بەڕێوەبەری گشتی‌ و هەر پلەیەكی دیكە خانەنشین كراون و بە فعلی ئەو پۆستەیان نەبینیوە.

هەروەها پێداچوونەوەی تەواوەتی بە خانەنشینی سەربازیی و پێشمەرگەدا دەکرێت و سەرجەم خانەنشینییە نایاساییەکان دەبڕدرێن، بەتایبەتی ئەوانەی بەدەر لە یاسا کارپێکراوەکانی هەرێم‌ و هەردوو یاسای رێزلێنانی پێشمەرگە و خانەنشینی پێشمەرگە (زێرەڤانی) خانەنشین کراون، جگە لەو كەسانەی بە فیعلی پێشمەرگەی دێرین بوون، ئەوانیش بە یاسای تایبەت بە خانەنشینی پێشمەرگەی دێرین خانەنشین دەكرێن.

هەر لە پڕۆژە نوێیەکەدا زیاتر لە یەك جار سودمەند بوون لە مووچە قەدەغەکراوە، جگە لە كەسوكاری شەهید و ئەنفالکراوان، بەشێوەیەک ئەگەر كەسێك فەرمانبەر یان مامۆستا بووبێت و هاوسەرەکەی شەهید بێت بە دوو موچە بۆی ئەژمار ناكرێت، ئەگەرنا سەرجەم دوو مووچەکان دەبڕدرێن.

بەپێی پڕۆژەی چاکسازیی، یەكەی ژمێریاری لە گشت یەكەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە یەکەكانی 70 و 80 هەڵدەوەشێنرێنەوەو لە یەك یەكەی ژمێریارییدا کۆدەکرێنەوە، کە دەچنە چوارچێوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجەو بەرنامەكان لەژێر وردبینی دیوانی چاودێری داراییدا دەبن.

هەروەها وردبینی لە لیستی پێشمەرگەدا دەکرێت و دۆسیەی كەسی بە هەموو پێداویستییە یاساییەكانیەوە بۆ هەر کەسێک دەکرێتەوە کە ناوی لە لیستی پێشمەرگەدا بێت، بەوشێوەیەش لیستی مووچەی پێشمەرگە پاکدەکرێتەوە.

لەگەڵ دەستنیشانكردنی ژمارەی پاسەوان بۆ بارەگاو دامەزراوە حزبیەكان‌ و پاسەوانی خاوەن وەزیفە باڵاكان و بەرپرسانی باڵای حزبەكان، بەپێی پەیڕەوێك لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەردەچێت لەماوەی 90 رۆژدا، بەوشێوەیەش میلاكی زیادی پاسەوانەكان دەخرێتەوە سەر میلاكی دامەزراوە فەرمییەكان.

ئێستا حکومەت 24 جۆری دەرماڵە دەداتە فەرمانبەران، کە سێ دەرماڵەیان جێگیرن و 21 دەرماڵەی ناجێگیر هەن، دەرماڵە جێگیرەکان (بڕوانامە، هاوسەر، منداڵ) دەستکاریی ناکرێن، بەڵام دەرماڵەکانی دیکە کە دەرماڵەی (پایە، مەترسی، شوێنی جوگرافی، پیشەیی، تایبەت، زانکۆیی، ئەندازیاریی، گواستنەوە، میوانداریی، نیشتەجێبوون..)‌ن دەستکاریی دەکرێن.

بەپێی زانیارییەکان، کۆی ئەو پارەیەی کە وەک مووچەو دەرماڵە دەدرێتە فەرمانبەران، (44%)ی مووچەی بنەڕەتی و (16%)ی سێ دەرماڵە جێگیرەکە و (40%)ی بۆ دەرماڵە ناجێگیرەکانە، لەم بەشەیاندا گۆڕانکاریی و پێداچوونەوە دەکرێت.

لەبارەی دەرماڵەکانیشەوە، لە پڕۆژەیاسای چاکسازییدا هاتووە: دەرماڵە تایبەت و دەرماڵەی ترسناكی لە سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەكان تەنیا بۆ ئەو کەسانە خەرج دەکرێت کە بە كردەیی لەو بوارەدا کاردەکەن و شایستەی ئەو دەرماڵەیەن، سەرجەم دەرماڵەکانی دیکەش بەپێی شایستەیی کارکردن رێکدەخرێنەوە.

خولی رابردوو پەرلەمانی کوردستان، یاسای چاكسازیی لە خانەنشینی و مووچە‌و دەرماڵە‌و بەخشین و ئیمتیازاتەکان لە رۆژی 27/2/2018 بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران پەسەندکرد، راستەوخۆ دوای پەسەندکردنی و بەهۆی دروستبوونی ناڕەزایەتی و كاردانەوەی شەقام و خەڵك، چوار رۆژ دواتر، هەر خودی سەرۆكایەتی پەرلەمان كە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمی پێدرابوو بۆ رەتكردنەوەی یاساكان، یاساكەی رەتكردەوەو دووبارە ناردیەوە بۆ پەرلەمان، تا كۆتایی خولەكەش ئەو یاسایە گفتوگۆی لەسەر نەكراوە.

شێركۆ جەودەت، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت: داوایان كردووە، مووچەی خانەنشینی لە 400 هەزار كەمتر نەبێت‌ و دەرماڵەكان هاوتای بەغدا بكرێن‌ و بندیوارەكان یەكلایی بكرێنەوەو چارەسەر بكرێن.

وتیشی: "چاوەڕێی بۆچوونەكانی حكومەتین لەسەر پڕۆژەیاساكە كە هاتە پەرلەمان و گەیشت بەدەستمان ئەوكات ئێمە قسەی خۆمان دەكەین، هیوادارین حكومەت ئەوە بكات، كە پێویستە".

هــ. ر


AM:10:23:10/12/2019


ئه‌م بابه‌ته 26564 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت