چیرۆکی خۆشەویستیەکی تراژیدی




وێستگە نیوز- 
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز-ی ئەمریکی چیرۆکێکی خۆشەویستی سەرنجڕاکێشی دوو کەسی بەساڵاچووی  بڵاوکردووەتەوە کە لە ساڵی ١٩٤٣ لە سەربازگەیەکی نازیدا یەکتریان خۆشویستووە بەڵام دوای ٧٢ ساڵ توانیویانە یەکتر ببیننەوە. 

کوڕێک بە ناوی ویسینیا کە تەمەنی ١٧ ساڵ بووە کچێکی خۆشویستووە بە ناوی سپیتزەر کە تەمەنی ١٥ ساڵ بووە، ئەم دوو عاشقە لە سەربازگەیەکی نازیدا یەکتریان ناسیوە کاتێک لە سەربازگەکەدا جولەکەکان دەستگیرکراون.

تا ئەوکاتەی کوڕەکە لە سەربازگەکە هەڵاتووە بە زیندوویی ماوەتەوە، چونکە خاوەنی دەنگێکی خۆشبووەو سەربازە ئەڵمانیەکان بۆ وەرگرتنی کاتێکی خۆش کوشتنی گەنجەکەیان دواخستووە، هۆکاری نەکوشتنی کچەکەش ئەوە بووە توانیویەتی چەند کارێک لە سەربازگەکەدا جێبەجێ بکات لەبەرئەوەش هەندێک ئازادی هەبووە . 

ویسنیا و سپیتزەری عاشق بەردەوام سوربوون لەسەر ئەوەی لە سەربازگەکەدا چاویان بە یەک بکەوێت لەگەڵ ئەوەی ئەگەر ئاشکرابوونایە چارەنوسیان بەرەو مەرگ دەچوو. 

ئەو دوو عاشقە بەڵێنیان بە یەکتر داوە ئەگەر لەو سەربازگەیەی ئەڵمانیەکان رزگاریان بوو لە شاری وارسۆ-ی پایتەختی پۆڵەندا چاویان بە یەکتر بکەوێتەوە بەڵام ئەو دیدارە هەرگیز رووینەدا تا ئەوکاتەی ٧٢ ساڵ بەسەر تەمەنیاندا تێپەڕی و لە ویلایەتی نیویۆرکی ئەمریکا بە دیداری یەک گەیشتنەوە. 

ویسینیا-ی کوڕ دوای هەڵاتنی لە سەربازگەی گەمارۆدانی جولەکەکان ماوەیەک لە وڵاتانی ئەوروپا مایەوەو دواتریش چوو بۆ ئەمریکا بۆ لای کەسوکاری، سپیتزەری کچیش دوای رزگاربوونی لە سەربازگەکە لە بواری یارمەتیدانی ئاوارەکانی جەنگی دووەمی جیهانی کاری کردوەو دواتر هاوسەرگیری کردوەو بەرەو ئەمریکا کۆچی کردووە لەگەڵ کوڕێکی دیکەدا، هەردوو عاشق لە دووری یەکتر هاوسەرگیریان کردووەو ژیانی خێزانی خۆیان پێکهێناوە. 

پیاوە عاشقەکە بە هاوکاری و هاندانی خێزان و کەسوکارەکەی دەستیکردووە بە نوسینەی ژیانی خۆی و لە نوسینەکەشیدا چیرۆکی خۆشەویستی خۆی لەبیرنەکردوەو ئاماژەی پێداوە ، بەڵام بۆ ماوەیەکی زۆر رەتیکردووەتەوە هەوڵ بدات بۆ دۆزینەوەو پەیوەندیکردن بە کچەکەوە ئەگەر لە ژیاندا مابێت.

لە ساڵی ٢٠١٦ دا کچەکەی ویسنیا سەردانێکی رێکخست بۆ لای سپیتزەر "خۆشەویستی کۆنی باوکی"، کاتێک چاوی پێی کەوت لە دۆخێکدا نەبوو کە جێی دڵخۆشی بێت چونکە تووشی نەخۆشی ببوو ، هاوسەرەکەشی چەند سالێک پێشتر کۆچی دوایی کردووە. 

سپیتزەر کاتێک کچەکەی ویسینای بینیوە باسی چیرۆکی خۆشەویستی لەگەڵ باوکی کردووەو وتووشیەتی پێنج جار لەو لیستەدا ناوی خۆەویستەکەی دەرهێناوە کە نازیەکان ئامادەیان کردوون بۆ کوشتن. 

ئەوەی لەم چیرۆکە خۆشەویستیەدا زیاتر سەرنجڕاکێشە ئەوەیە خاتو سپیتزەر کە ویسینیای خۆشەویستی بینیوەتەوە داوای لێ کردووە ئەو گۆرانیەی بۆ بڵێتەوە کە لە کاتی یەکترناسینیاندا بۆی وتووە، ویسینیاش توانیویەتی بە جوانترین شێوە گۆرانیەکە بڵێتەوە. 

چیرۆکە عاشقانەکە کۆتاییەکی تراژیدی هەبوو چونکە سپیتزەر و ویسینا تەنها جارێک توانیان یەک ببینن بەهۆی ئەوەی سپیتزەر لە تەمەنی نزیکەی ١٠٠ ساڵی-دا لە نەخۆشخانە کۆچی دوایی کرد. 


ش . ر 


PM:09:58:09/12/2019


ئه‌م بابه‌ته 6928 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو