ترەمپ: ئیسرائیل لە کۆشکی سپی-دا هاوڕێیەکی لە من باشتری نەبووە



وێستگە نیوز- 
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رایگەیاند، ئیسرائیل لە کۆشکی سپی-دا هاوڕێیەکی لە من باشتری نەبووە. 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە لێدوانێکیدا رایگەیاند، ئەو باشترین سەرۆکی ئەمریکایە بەرامبەر ئیسرائیل و وتی، " ئیسرائیل لە کۆشکی سپی-دا هاوڕێیەکی لە من باشتری نەبووە".

بەپێی ئاژانسی رۆژنامەوانی فەڕەنسی AFP، ترەمپ لە لوتکەی نیشتمانی ئەمریکا-ئیسرائیل توانیویەتی سەرنجی سەدان کەس بۆ خۆی رابکێشێت دوای ئەوی لەو لوتکەیەدا ئاماژەی بەو بابەتانە کردووە کە بۆ جولەکەکان گرنگی زۆریان هەیە. 

ترەمپ لە بارەی بەڵێنەکانی سەبارەت بە دانپێدانان بە قودس وەک پایتەختی ئیسرائیل و گواستنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس قسەی کردووە. 

لە وتەیەکیدا ترەمپ لەبارەی سەرۆکەکانی پێش خۆی و بەڵێنەکانیان بە ئیسرائیلیەکان قسەی کردووەو وتوویەتی، " جگە لە قسە هیچیان نەکردووە بۆ ئیسرائیل". 

ترەمپ وتووشیەتی، " من پێموایە هەر مەبەستیان نەبووە هیچیش بکەن، بەڵام من بەپێچەوانەی سەرۆکەکانی پێشووی ئەمریکاوە پابەندبووم بە بەڵێنەکانمەوە". 

پێشتریش ترەمپ لە بڕیارێکیدا کە بە پێچەوانەی ٥٠ ساڵ سیاسەتی ئەمریکی لە رۆژهەڵاتی ناووەڕاست لێکدرایەوە، دانی نا بە دەسەڵاتدارێتی ئیسرائیل بەسەر بەرزاییەکانی جۆلان کە ناوچەیەکی ستراتیژیە  و هاوسنورە لەگەڵ سوریا. 


ش . ر 


PM:05:34:08/12/2019


ئه‌م بابه‌ته 1628 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت