باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عیراق: رووداوەکانی شەوی رابردووی بەغدا تۆقێنەر بوون


وێستگە نیوز-
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عیراق رووداوەکانی شەوی رابردووی گۆڕەپانی خەلانی و پردی سەنک-ی ناوەڕاستی بەغداد بە " ترسناک و تۆقێنەر" وەسف دەکات و داواش دەکات لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی بکرێت.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عیراق لە بەیاننامەیەکیدا ئەمڕۆ شەممە 8 ی 12 ی 2019رایگەیاندووە، ئەو کارە توندوتیژییە وەحشیئگەرییانەی شەوی رابردوو بەرامبەر خۆپیشاندەران ئەنجامدرا  ترسناک و تۆقێنەر بوو، پێویستە خۆپیشاندەران مافی دەربڕینی خواستەکانی خۆیان هەبێت بەبێ رووبەڕووبوونەوەی هیچ مەترسیەک، لەسەر حکومەتی عیراقیش پێویستە پارێزگاریان لێ بکات".

لە بەیاننامەکەدا باڵیۆزخانەی ئەمریکا داوای لە حکومەتی عیراقیش کردووە هەنگاوی زیاتر بنێت بۆ پاراستنی خۆپیشاندەران و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی هێرشەکەی شەوی رابردوو بکات.

ئەم راگەیەندراوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عیراق لە کاتێکدایە، شەوی رابردوو گرووپێكی چەكدار بە بەرچاوی هێزە ئەمنیە عیراقییەكانەوە لە شاری بەغدا هێرشیان كردە سەر خۆپیشاندەران و زیاتر لە 20 خۆپیشاندەر كوژران.

شەوی رابردوو ئەو هێزە كە بە پۆشاكی نافەرمییەوە چوونە سەر خۆپیشاندانەكان لە گۆڕەپانەكانی سنك و خەڵانی دەستڕێژی گولەیان ئاراستەی كۆمەڵی خۆپیشاندانەكان كردن و هەردوو ناوچەكەیان پێ چۆڵ كردن.

بە پێی زانیاری میدیا عیراقییەكان ژمارەی كوژراوانی شەوی رابردوو زیاترە لە 20 كەس، هەروەها بە دەیانی تر بریندارن و تەنها لە پردی سنك 40 خۆپیشاندەر بە گوللـەی زیندوو بریندار بوون.


ش . ر


PM:02:57:07/12/2019


ئه‌م بابه‌ته 6712 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت