كەجەرە: ئەمڕۆ جەوانان و خوێندکاران هێزی وشیارو تێگەیشتووی کۆمەڵگان


وێستگە نیوز-
كەجەرە ڕاگەیەندراوێكی بە بۆنەی بۆنەوەی ڕۆژی خۆێندکاری ئێرانەوە بە ناوی "سەردەمی سەرهەڵدانی گەلان و سەرکەوتنی دیموکراسییە" بڵاوکردەوە.


کۆمەڵگای جەوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە راگەیەندراوەكەدا دەڵێت "ڕۆژی خوێندکار مەزهەری بەرخۆدان و لێپرسینەوە لە زوردارانە، لەو ڕۆژەدا خەڵکی تاران دژی خەیانەتەکانی شا و دەستێورەدانی دەسەڵاتدارانی سەرمایەداریی ڕابوون، خەڵکی مافخواز لە لایەن هێزەکانی پاراستنی سەرمایەدرییەوە سەرکوت کران، ئەو خوێندکارانەی کە لە نیزامی پاشایەتی ناڕازیی بوون ڕووبەڕووی هێرشی سەرکوتکارانەی ئەرتەش بونەوە.

لە بەشێكی دیكەشدا باس لەوە دەكات كە "حکومەتی فاسدی ئێران لە کاتێکدا درێژە بە تاڵانکردنی سامانی وڵات دەدات، کە گەلانی ئێران بەدەست هەژاریی، بێکاریی و دەیان کێشەی کۆمەڵایەتیی قوڵەوە دەناڵێنن، جەوانان کە ئیمکانی بەکارهێنانی توانایەکانیان فەراهەم نەکراوە و کێشەیان هەیە بۆ دابینکردنی درێژەدان بە خوێندن، وڵات بە جێ دێڵن و بەشێکی زۆریشیان لە بێهیواییدا گیرۆدەی مادە هوشبەرەکان بوون".

هەروەها دەشڵێت "ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەی گەلانی ئێران بە هۆکاری فەساد لە دەستگای حاکمیەت و دەسەڵاتدا هاتنە ئاراوە، لەڕاستیدا ئەو ناڕەزایەتییانە نیشانەی نەبوونی ڕەوایەتیی ئەو ڕژێمەن و بەمجۆرە بەرەو ڕۆژەکانی کۆتایی دەڕوات".
كەجەرە ئاماژەی كردووە كە ئەمڕۆ جەوانان و خوێندکاران هێزی دایمە وشیار و تێگەیشتووی کۆمەڵگان و سەرەڕای تەزویر، شەڕ، شکەنجە و کۆمەڵکوژکردنیان و ئەو ڕەوشە پڕ لە ترس و توقێنەرەی حاکمیەت خوڵقاندوویە، دەبێت ئەرکی مێژوویی خۆیان پێک بێنن و لەبەرانبەر ڕژێمدا بێدەنگ و چاولێکەری زوڵم و زۆرەکانی دەسەڵاتدارانی فاسد و جینایەتکار نەبن.

دەشڵێت "جەوانان و ژنان هێزی دایمە لە گۆڕەپانی ئازادیخوازیی کۆمەڵگان و بە بڕوا، یەکدەنگیی، یەکگرتوویی و لە هەمووی گرنگتر بە تێگەیشتنی دوور لە نەتەوەپەرەستیی و مەزهەبگەرایی دەبێت تا گەیشتن بە داواکارییە دیموکراتیەکانییان هەروا درێژە بە تێکۆشان بدەن".

ڕۆژی خوێندکار لە ئێران، مێژووکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٥٣، واتا ٦٦ ساڵ لەمەوبەر و چوار مانگ دوای کۆدەتایەکی سیاسی – سەربازیی دژی دەوڵەتی یاسایی "محەمەد موسەدق" سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی ئێران کە دەزگا سیخوڕییەکانی بەریتانیا و ئەمریکا، سوپای شاهانەی ئێران، لایەنگرانی شای ئێران و ڕۆحانییەکانی ئێران بە بەشداریی و ئەنجامدانی دەناسرێن، کە ڕۆژێک وەکو ئەمڕۆ خوێندکارانی زانکۆی تاران لەدژی سەردانی فەرمی ڕیچارد نیکسۆن جێگری سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ ئێران و دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئێران و بەریتانیا لە زانکۆی تاران گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا، هێزە ئەمنییەکانی پاشایەتی ئێران هێرشی گربووەنەوەکەیان کرد و لەو ڕووداوەدا سێ خوێندکار کوژران، ئەم ڕۆژە ساڵانە لەلایەن خوێندکارانەوە بەرز ڕادەگیرێت.

د.ح
 


AM:10:34:07/12/2019


ئه‌م بابه‌ته 3236 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت