به‌ وێنه‌.. ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی شه‌وی رابردوو شه‌هید بوون

‌دوان لە شەهیدەکان

وێستگه‌ نیوز ـ
شەوی رابوردوو 4ی تشرینی دووەمی 2019 چەکدارانی داعش لە سنووری گەرمیان پەلاماری لیوای سێی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، لە ئەنجامدا سێ پێشمه‌رگه‌ شه‌هید بوون و دوانی تریش بریندار بوون.


سەرچاوەیەکی ئاگادار به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: شەوی رابوردوو له‌میحوه‌ری گه‌رمیان ناوچه‌ی كوڵه‌جۆ، چەکدارانی داعش پەلاماری هێزێکی سەر بە لیوای سێی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانیان دا و سێ پێشمەرگە شەهید بوون و دوو پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون.

به‌پێی وته‌ی سه‌رچاوه‌كه‌، شەهیدەکان خەڵکی کفری و چەمچەماڵ و دەربەندیخانن، لەدوای پەلامارەکەش چەکدارەکانی داعش هەڵاتوون.

شه‌وی رابردوو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی له‌سه‌ر هێرشه‌كه‌ی چه‌كدارانی داعش بۆ سه‌ر میحوه‌ری گه‌رمیان بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا رایگه‌یاند: "تیرۆریستان و تاریکپەرستانی داعش، هێرشیان کردە سەر فەوجێکی لیوای سێی پیادەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان له‌ سنوری كوڵه‌جۆ (میحوەری گەرمیان) هەر زوو لەلایەن هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ وەڵامدرانەوەو بەتوندی لێیان هاتوونه‌ته‌ ده‌ست و راونران و په‌لاماره‌كه‌یان تێكشكاندوه‌".

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ دڵنیایی داوه‌ و رایگه‌یاندوه‌، خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەنەوە هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له‌ئاماده‌باشی تەواودایە بۆ پاراستنی خەڵک و خاکی کوردستان و لەناوبردنی تیرۆر و تیرۆریستان.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌: "پێشتریش چەندین جار هۆشداریمان داوە لەسەر گەشەسەندن و سەرهەڵدانەوەی داعش لەچەندین ناوچەی جیاوازەوە، ئەو رووداوانەی ئێستاش پشتڕاستی هۆشدارییەکانی ئێمەی کردەوە، کە بەرای گشتیی و هاوپەیمانانمان دابوو".

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ داواشی لە هێزه‌كانی هاوپەیمانان كردوه‌ کۆمەک و پشتگیری و هەماهەنگیان لەگەڵ وەزارەت و هێزەکانی پێشمەرگە زیاترو چڕتربکەنەوە "بۆ ئەوەی رێگە لەپەرەسەندن و تەشەنکردنی ئەو هێزە تیرۆریستیە بگیرێت".

ناوی شەهیدەکان بەمشێوەیە: 
 
لوقمان نەجم تاهیر لەدایکبووی 1986ـە و خەڵکی قەزای دەربەندیخانە. 
 
زیاد خەلیفە سوڵتان لەدایکبووی 1986ـە و خەڵکی قەزای کفرییە.
 
مەعروف محەممد مەحموود خەڵکی قەزای چەمچەماڵە.
 
بریندارەکانیش ناویان شوان مەجید و سەڵاح ئیبراهیم محەممەدە.

هــ. ر


AM:10:31:05/12/2019




ئه‌م بابه‌ته 7684 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت