کۆنگرێسی ئەمریکا دژی گەڕانەوەی روسیایە بۆ وڵاتانی G7

‌سەرۆکانی وڵاتانی G7


وێستگە نیوز-
ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا "کۆنگرێس" پڕۆژە بڕیارێکی بە زۆرینەی دەنگ دژی بەشداری روسیا لە لوتکەی وڵاتانی زلهێزی ئابوری جیهان ناسراو بە G7 دەرکرد.

بەپێی هەواڵی میدیاکان 339 ئەندامی کۆنگرێس دەنگیان بە بەڵێ بە پرۆژە بڕیارەکە داوەو 71 ئەندام دژی بوون، پرژە بڕیارەکە هێزی راستەوخۆی جێبەجێکردنی نیە بەڵام راسپاردەیەکە بۆ دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە ئەمریکا.

ئامادەکارانی پرۆژە بڕیارەکە دەربارەی دەڵێن،" روسیا ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ لوتکەی G7 تا ئەوکاتەی رێز لە یەکگرتوویی و سەربەخۆیی وڵاتە دراوسێکانی نەگرێت و بەها دیموکراسیەکان پێشێل بکات".
 
تا ئێستا وڵاتانی G7 نەگەیشتوونەتە بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک بۆ گەڕانەوەی روسیا بۆ کۆمەڵەکە لە ساڵی داهاتوودا.

جێی ئاماژەیە ئەم پرۆژە بڕیارەی کۆنگرێسی ئەمریکا وەک پێچەوانەی لێدوانێکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لێکدەدرێتەوە کە پێشتر وتبووی، " گرنگە روسیا بگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵەی G7 و ئاماژەی بەوەش دەبوو دەتوانرێت ڤلادمر پوتین-ی سەرۆکی روسیا بانگهێشت بکات بۆ کۆبوونەوەی لوتکەی G7.

کۆمەڵەی G7 ، پێشتر بە کۆمەڵەی G8 ناسرابوو تا ئەوکاتەی لە ساڵی 2014 دا ئەندامەکانی بوونە 7 وڵاتی زلهێزی ئابووری جیهان ئەویش دوای ئەوەی وڵاتانی کۆمەڵەکە رەتیان کردەوە لوتکەی سوتچی-ی روسیا بکەن و لە برۆکسل بەبێ روسیا کۆبوونەوە بەهۆی رووداوەکانی نیمچە دوورگەی کریمیا کە لەگەڵ روسیا لە کێشەدابوون.



ش . ر


PM:02:19:04/12/2019


ئه‌م بابه‌ته 3552 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت