به‌غداو هه‌رێم له‌سه‌ر نه‌وت و بودجه‌ رێككه‌وتن


وێستگه‌ نیوز ـ
شاندی هه‌رێمی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا له‌سه‌ر پرسی نه‌وت و بودجه‌ی 2020 رێككه‌وتن و به‌پێی رێككه‌وتنه‌كه‌ هه‌رێمی كوردستان رۆژانه‌ 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستی حكومه‌تی عیراق ده‌كات و له‌ به‌رانبه‌ردا پشكی ته‌واوی بودجه‌ی پێده‌گات.


حه‌سه‌ن ئاڵی، په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: دوێنێ شاندی هه‌رێمی كوردستان گه‌ڕانه‌وه‌ هه‌ولێر و له‌گه‌ڵ به‌غدا رێككه‌وتن كراوه‌ به‌وه‌ی مانگانە هەرێم 250 هەزار بەرمل نەوت لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردەی دەرەوە بکات و لەبەرامبەردا حکومەتی عیراق پشکی هەرێم لە بودجە ره‌وانه‌ ده‌كات.

به‌پێی زانیارییه‌كانی وێستگه‌ نیوز كه‌له‌ ئه‌ندامانی لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقه‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌، بودجه‌ی ساڵی 2020ی عیراق بە 162 ترلیۆن دینار خه‌مڵێنراوه‌، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا پشکی هەرێمی کوردستانیش نزیكه‌ی 11 ترلیۆن دینارە.

حه‌سه‌ن ئاڵی ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌دا ئه‌وه‌ جێگیركراوه‌ كه‌ حكومه‌ت بگۆڕێت یان نا، ئه‌م رێككه‌وتنه‌ وه‌ك خۆی جێبه‌جێ ده‌كرێت و گۆڕانكاری به‌سه‌ردا نایات، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی به‌ ده‌ستهاتووه‌ زۆر باشه‌ و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌ بواری تریش هه‌نگاوه‌كان بڕۆنه‌ پێشه‌وه‌.

له‌ باره‌ی پێشمه‌رگه‌شه‌وه‌ وتی: "مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌ش باسكراوه‌ كه‌ ده‌بێت حكومه‌تی عیراق مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌ بدات، به‌وپێیه‌ی پێشمه‌رگه‌ به‌شێكه‌ له‌ دامه‌زراوه‌ی به‌رگری عیراق".

رێككه‌وتنه‌كه‌ له‌ سه‌ره‌تای ساڵی نوێوه‌ ده‌خرێته‌ بواری جێبه‌جێ كردنه‌وه‌ و هه‌رێمی كوردستان بووژانه‌وه‌ی ئابووری به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت.


PM:02:22:03/12/2019


ئه‌م بابه‌ته 14852 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت