"لەچەند رۆژی داهاتوودا دەستبەكاردەبن"
كاوە عەبدوڵلا: لە حكومەتی هەرێم وەزیر‌و بریكاری وەزیریشمان وەرگرتووە


وێستگە نیوز-
كاوە عەبدوڵڵا تازە بووەتە رێكخەری ژووری حكومەتی بزوتنەوەی گۆڕان، لە گفتوگۆیەكدا ئاشكرایكرد كە لە حكومەتی هەرێم وەزیر‌و بریكاری وەزیریشیان وەرگرتووە لەچەند رۆژی داهاتوودا دەستبەكاردەبن.


كاوە عەبدوڵڵا لە گفتوگۆیەكی رۆژنامەی زەمەن كە سەر بە كۆمپانیای وشەیە رایگەیاند "هەم یەكێتی‌و هەمیش پارتی هەندێك پۆستیان داوە بە بزوتنەوەی گۆڕان، لە سلێمانی هەندێك قایمقام‌و پارێزگارو بەڕێوەبەری گشتیمان هەیە، هەردووكیان پۆستیان پێداوین بەڵام تائێستا هەموو ئەو پۆستانەمان وەرنەگرتووە كە گفتوگۆمان لەسەر كردو رێككەوتوین لەسەریان".

ئاشكراشیكرد كە لە "حكومەتی هەرێم وەزیر‌و بریكاری وەزیریشمان وەرگرتووە لەچەند رۆژی داهاتوودا دەستبەكاردەبن‌و ئەو برادەرانەی تریش كە پێشتر لە حكومەت بوون گەڕاونەتەوە سەر كارەكانیان، بۆ راوێژكار‌و بەڕێوەبەرە گشتیەكان گفتوگۆمان لەگەڵ پارتی هەیە كێشەیەكیش هەبێت قابیلی چارەسەركردنە".

كاوە عەبدوڵا ئاماژەشیكردوە كە ئشەوان كێشەیان هەیە "هەم لەگەڵ پارتی هەم لەگەڵ یەكێتی، رێككەوتنمان هەبووە لەگەڵیاندا بەڵام دیارە رێگری هەیە، لە زۆربەی شوێنە دواكەوتووەكانی جیهاندا وەرگرتنی پۆست پێویستی بەماوەیەكی زۆر‌و سەبری زۆر‌و مفاوەزات هەیە، دەستبەرداربوونی پۆست لای پارتی‌و یەكێتی زۆر قورسە".

سەبارەت بە وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری سلێمانی لەلایەن یەكێتیەوە ناوبراو رایگەیاند "ئێمە لاریمان نیە لەو رێككەوتنەی لەگەڵ یەكێتی هەمانە، بەداخەوە ئەوان كەمتەرخەمبوون‌و بەیەك ئەجێندا نایەنە ناو كۆبونەوەكانەوە زۆرجار رێككەوتنمان هەبووە لەناوخۆیاندا تێكیانداوە، ئێمە ئامادەین هەموو رێككەوتنەكانی نێوانمان جێبەجێ بكەین".

 د.ح


PM:04:29:21/11/2019


ئه‌م بابه‌ته 6296 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت