حەمکۆ لە زیندانەوە دژی وێستگە نیوز ڕاگەیەندراوێک بڵاودەکاتەوە

‌حەمکۆ

وێستگه‌ نیوزـ

دوای چاوپێكه‌وتنێكی وێستگه‌ نیوز له‌گه‌ڵ ساره‌ محسن حسین، ئه‌و كچه‌ی كه‌ ئەکتەری بواری کۆمیدیا، حەمکۆ له‌سه‌ر دۆسیه‌ی ده‌ستدرێژیكردنه‌سه‌ری ده‌ستگیر كراوه‌، حه‌مكۆ له‌ زیندانه‌وه‌ راگه‌یه‌ندراوێكی له‌دژی ده‌زگای میدیایی وێستگه‌ نیوز بڵاوكرده‌وه‌ و پێی وایه‌ "هێرش و تۆمەتێکی زۆر خراوەتە پاڵی کە دوورن لە ناوەڕۆکی پەڕاوەکەی".

پێشتر له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ وێستگه‌ نیوز، ساره‌ محسن حسین بۆ یەکەمجار وردەکاریی کەیسەکەی و چیرۆکی "دەستدرێژیەکە"ی حه‌مكۆی ئاشكرا كرد.

لە رۆژی 19ی ئەیلولی 2019 بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی بۆسەر سارە، ئەکتەری بواری کۆمیدیا حەمکۆ دەستگیرکرا و دواتر پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، حەمکۆ دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و بەپێی مادەی 395 یاسای سزادانی عێراقی لە چاکسازی گەورەی شاری هەولێر دەستبەسەرکراوە.

رۆژی شه‌ممه‌ 16ی تشرینی دووەمی 2019، حه‌مكۆ له‌ لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تیی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبوك راگەیەندراوێکی له‌ زیندانه‌وه‌ بڵاوكردوه‌ و رایگه‌یاندوە:"دواین لێدوان و بڵاوکراوە لەلایەن (سارە محسن حسین) و بریکارەکەی دراوە لە (westga news) بەنموونە کە تیایدا دوور لە هەموو بەهاو یاسا و بەرکارەکانی کوردستان و بەزاندنی گشت سنورەکانی مرۆڤایەتی و هێرش و تۆمەتێکی زۆر خراوەتە پاڵم کە دوورن لە ناوەڕۆکی پەڕاوەکەم و هەموو ئەو ڕێکارە یاساییانەی کە ئەنجامدراوە و وە هەموو بابەتەکە بە پێچەوانە باسکراوە".

حه‌مكۆ دەڵێت:"ئەمە تەنها هەوڵێکە بۆ وروژاندنی ڕای گشتی و ڕێکخراو و کەسایەتیەکانی کوردستانە لە دژی من بۆ ئەوەی لەکەدارم بکەن و بە هەواڵ و زانیاری نادروست و چەواشەکاری و دروستکردن و پاڵەپەستۆ بخرێتە سەرم و توشی داڕمانم بکەن."

ده‌قی رونكردنه‌وه‌كه‌ی حه‌مكۆ:

بابەت: ڕوونکردنەوە و پەیام
سڵاوی خودا لە هەموو لایەک

وەک دەزانن ماوەیەکە من کێشەیەکی یاساییم هەیە لە دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێر لەگەڵ (سارە محسن حسین) وە پەڕاوەکەشم لە بنکەی پۆلیسی (ئاشتی) لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدایە و لەسەر ئەم دۆسیەیە بە بڕیاری بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی هەولێر ڕاگیراوم (توقیف) بەپێی ماددەی (۳۹٥) لە یاسای سزای عێراقی. وە کەیسەکەم بە ڕێگای یاسایی ڕێکارەکان (اجرائات) تیایدا بەردەوامە و هەردوو لایەنمان پارێزەری تایبەتی خۆمان هەیە، هەرچەند هەست بە مەغدوریەکی زۆر دەکەم لە ڕێکارەکان کە زۆر بە توندی لە دژم ئەنجام دەدرێت بەڵام هەر بەردەوامم لە پابەندبونم بە گشت بڕیارەکانی دادگا.

ماوەیەکە لە هەندێک پەیج وئەکاونتی فەیسبوک بە ئەنقەست و بە بەرنامە داڕێژراوی شت و قسە و تۆمەتی زۆر ناڕەواو نادروست دەخرێتە پاڵمەوە، جگە لەمانەش زانیاری و بابەتی نادروست بڵاودەکرێتەوە کە پێچەوانەی بابەتی کەیسەکەی منە، هەروەها کەسایەتی من و خێزانەکەم لەکەدار (تشهیر) دەکرێت و هیچ سنورێک نەماوە نەبەزێندرێت دواین لێدوان و بڵاوکراوە لەلایەن (سارە محسن حسین) و بریکارەکەیدراوە لە (westga news) بەنموونە کە تیایدا دوور لە هەموو بەهاو یاسا و بەرکارەکانی کوردستان و بەزاندنی گشت سنورەکانی مرۆڤایەتی و هێرش و تۆمەتێکی زۆر خراوەتە پاڵم کە دوورن لە ناوەڕۆکی پەڕاوەکەم و هەموو ئەو ڕێکارە یاساییانەی کە ئەنجامدراوە و وە هەموو بابەتەکە بە پێچەوانە باسکراوە کە ئەمەش تەنها هەوڵێکە بۆ وروژاندنی ڕای گشتی و ڕێکخراو و کەسایەتیەکانی کوردستانە لە دژی من بۆ ئەوەی لەکەدارم بکەن و بە هەواڵ و زانیاری نادروست و چەواشەکاری و دروستکردن و پاڵەپەستۆ بخرێتە سەرم و توشی داڕمانم بکەن.

من ئێستا کە ڕاگیراوم ماوەیەکی زۆرە، هەرچەندە من هەموو ئەو شتانەی کە کەوتۆتە سەرشانم بەرامبەر یاسا بەهاوکاری پارێزەکانم هەموویانم جێبەجێ کردووە، بەڵام لایەنی بەرامبەر بە بەردەوامی هەوڵی داوە لەدەست ڕێکارەکان(اجرا‌وات) ڕابکات و چەندین جارە بیانوی جۆراوجۆر دەدۆزێتەوە بۆ دەرکەوتنی ڕاستیەکان و ئامادەی بەردەم دادگا نابێت.

بۆیە لێرەوە بەرلەوەی پوختەی کەیسەکەم ڕونبکەمەوە ڕایدەگەینم کە سکاڵا لەسەرهەر کەناڵ و پەیج و کەسێک تۆمار دەکەم کە هەوڵ بدات ڕاستیەکان چەواشە بکات و بەزانیاری و لێدوانی نایاسایی لەکەدارم بکات.

بە پێوویستی دەزانم تیشک بخەمە سەر پەیوەندی نێوانمان، هەشت مانگ پەیوەندی خۆشەوویستی هەبووە لە نێوانمان و چوار مانگ لە ماڵی من ژیانی بەسەر بردووە، و لەگەل کچەکانم پەیوەندی و هاتووچۆی هەبووە بەردەوام، ئەوەی زۆر گرینگە ئەوەیە (پێنج جار) خوازبێنم کرد لە باوک و مامی و خاڵی ئامادەنەبوون بیدەن بەمن تۆمارە دەنگیەکانیش ماون دوای ئازاد بوون بڵاوی دەکەمەوە، ئەم کچە متمانەم پێی هەبوو و خۆشم دەوویست کلیلی ماڵەکەمی لابوو وەک بەڵگە کامیرای بەردەم ماڵەکەم بڵاو دەکەمەوە بۆ ئەوەی خەڵکی بزانی کامەمان راست دەکەین، ئەو خۆی هاتۆتە ماڵی من و هەمووشتێک بە رەزامەندی خۆی بووە، لایەنێكی سیاسی ئێستا دەیەوێت مادەکە بگۆڕێ و سارە موحسینی لای خۆی شاردۆتەوە ناهێلێ بێتە بەردەم دادگا.

لێرەوە دەتوانم ئاماژە بە کەیسەکەم بکەم بە چەند خاڵێکی کورت وەک سەرەتایەک بۆ بەدەرخستنی ڕاستیەکان لەلایەک، وە لەلایەکی ترەوە وەکو وەڵامێک بۆ ئەو کەس و پەیجانەی کە هەواڵ و لێدوانی نادروست بڵاودەنەکەوە لەسەر ئەم کەیسە. وە هەرکەسێک کە گرینگی بە کەیسەکەی نێوان من و (سارە) دەدات دەتوانن زانیاری ڕاست و دروست لە پارێزەرەکانم وەربگرن کە لەم ڕونکردنەوەم ئاماژە بە ناو و ژمارەی مۆبایلەکانیان دەکەم، بۆیە تکا دەکەم چیتر بە هەواڵی چەواشەکاری و زانیاری نادروست غەدر لەمن نەکرێت و خۆڵ نەخرێتە چاوی خەڵکەوە. وە ئەو زانیاری و لێدوانانەی کە تاکو ئێستا لەلایەن هەر کەسێک و پەیجێکەوە بڵاوکرابێتەوەهەمووی دوورن لەڕاستی پوختەی کەیسەکەم:-

یەکەم/من ڕاگیراوم بەپێی ماددەی ۳۹۵ لە ی.س.ع
دووەم/بڕیاری ئازادکردنم هەیە لە ۲۷/۱۰/۲۰۱۹ بەڵام تاکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە
سێیەم/وتەکانم پێشکەش کردووە بە ئامادەبوونی هەر سێ پارێزەرەکانم دووجار لە ڕێککەوتەکانی ۱۹/۹/۲۰۱۹ وە ۱۷/۱۰/۲۰۱۹ کە بەپێی یاسا من بە هیچ شێوەیەک خۆم بەتۆمەتبار نازانم چونکە ئەوەی بەپێی یاسا پابەندکرابوم جێبەجێم کردووە

چوارەم/ئامادەنەبوونی دادخواز لەبەردەم بەڕێز دادەوەری لێکۆڵینەوە بۆ پێشکەشکردنی وتەکانیکە بەڕێزیان بڕیاریان داوە بە ئامادەبوونی

پێنجەم/وەڵامەکانی لێژنەی پزیشکی بە ژمارەکانی ٤۳٦ لە ۵/۹/۲۰۱۹ وە ڕاپۆرتی پزیشکی استئنانی بە ژمارە ۲۸۸ لە ۲/۱۰/۲۰۱۹
شەشەم/جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادوەری لێکۆڵینەوە بە گشت بڕگەکان (چەکی دەستەبەری٫ منع سفر٫ بەڵێندان) هتد.

بۆیە لەدوای ئەوەی دادخواز (سارە) دەزانێت کەوا وەک لە ناوەڕۆکی سکاڵاکەی کە داوای کردووە ڕەزامەندی تەواوی خۆم نیشانداوە بۆ جێبەجێکردنیان. ئەمجارەیان هەڵساوە بە دروستکردنی گرفت و کێشە وە بەڵگەش بۆ قسەکانم ئامادەنەبونی لە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە بە بیانوی جیاجیا و سەرەڕای ئاگادارکردنەوەشی بە پسولەی ڕەسمی و یاسایی لەڕێگەی بنکەی پۆلیسی ئاشتی بە ئامادەبون لەسەر بڕیاری بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە

دوای هەوڵە چەواشەکاریەکانی بڵاوکردنەوەی نامەیەک لە ڕێگای (westga news) بە نموونە تیایدا بەشێوەیەکی هەڕەشەسازی دەڵێت ئەگەر حەمکۆ ئازاد بکرێت ئەوا کۆتایی بە ژیانم دەهێنم و ئۆباڵی خۆکوشتنەکەشی دەخەمە ئەستۆی دادوەر؟!

ئایا من دەپرسم لە کام وڵات یاسایەک هەیە تەنها بۆ کەسێک بێت.
لێرەوە مەبەستی (سارە) لە سکاڵاکەی روون دەبێتەوە کە (پەیمانی هاوسەرگیری) تەنها هۆکارێک بووە بۆ جوڵاندنی سکاڵا؟!
دواتر روداوەکە لە ۳۱/۱۲/۲۰۱۸ بووە!! بەڵام سکاڵا لە دژم بەرزنەکراوەتەوە لە ٤/۹/۲۰۱۹ واتا (۹) مانگ دوای ڕوداوەکە ئەمەش پێچەوانەی یاسایە.

بڕیارماندا دەست بەرداری یەكتر ببین چونكە خانەوادەكەی ڕەزامەند نەبوون بیدەن بە من پێم گوت دەچمە نێو ژیانی تایبەتی خۆم ژیانی هاوسەرگیری پێك دێنم ، داوای پارەی كرد سەفەرێكی توركیا بكات تا لەگەڵ بارودۆخەكە ڕادێت وە هەروەها من بڕی ٤۰۰۰$ دۆلارم بەناوبراو داوە شاهێد هەیە و وەری گرتووە لەپای چی!!

بۆیە ناکرێت لەمە زیاتر بچمە ناو وردەکاری کەیسەکەم. بۆ ئەم مەبەستە پارێزەرانی بەڕێزم هەر یەک لە
یەکەم/ ڕاوێژکار(محامی مستشار) /پامر انور ناصر ژ.م ۰۷۵۰۳۱۲٦۵۰۰
دووەم/ڕاوێژکار (محامی مستشار) / عماد محمد جلال ژ.م ۰۷۵۰٤٦۵٤۲۵۲
سێیەم/ پارێزەر/ ڕابەر فلاح کمال ژ.م ۰۷۵۱۸۰۷۹۱۹۲

ئامادەن بۆ هەر زانیاری و ڕاستیەک کە بیدەن لە چوارچێوەی یاسادابە کەسان و ڕێکخراو ولایەنی پەیوەندیدار بۆ دەرخستنی ڕاستیەکان

لە کۆتاییدا هیوادارم پەیامەکەم بگات بە هەموو شوێنێک و هەموو هەوادارانم وە ڕێگری بکرێتە سەر هەر دەستوەردانێک لەلایەن هەر کەسێکەوە لە پەڕاوەکەم.

خوای گەورە هەموو لایەک بپارێزێت
محمد فریدون جورج


AM:12:55:17/11/2019


ئه‌م بابه‌ته 9744 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو