رۆیتەرز: لەناو هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا لەسەر وەرگرتنەوەی ئەندامانی داعش ناکۆکی هەیە



وێستگە نیوز- 
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە راپۆرتێکیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات لەناو هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش-دا کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرکردایەتی دەکات لەسەر وەرگرتنەوەی ئەندامانی داعش لەلایەن وڵاتەکانیانەوە ناکۆکی هەیە. 

بەپێی راپۆرتەکەی رۆیتەرز لەگەڵ ئەوەی دوێنێ پێنجشەممە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەمیانەی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئەندامانی هاوپەیمانێتیەکە فشاری کردووە کە ئەو دەوڵەتانە ئەو داعشانە وەربگرنەوە کە خەڵکی وڵاتەکانیانن بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ناکۆکی لەناو ئەو دەوڵەتانەدا هەیە سەبارەت بە وەرگرتنەوەی داعشەکان. 

وەزیرانی درەوەی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش دوێنێ پێنجشەممە لە واشنتن کۆبوونەتەوەو گفتوگۆی مەترسیەکانی داعش و رێگرتن لە دووبارە چالاکبوونەوەی رێکخراوەکەیان کردووە. 

لەو بارەیەوە نایسان هیڵز، گەورە بەرپرسی ئەمریکی لە بەشی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پێویستە هەموو لایەک ئەوە لەبەرچاوبگرن کە ئەمریکا یان هەر دەوڵەتێکی تر بە تەنیا ئەم کێشەیە چارەسەر ناکات، بەرپرسیاری لەسەر هەمووانە لەم بارەیەوە و پێویستە هەمووان رێگربن لە دووبارە گەڕانەوەی داعش بۆ مەیدانی جەنگ و دروستبوونی نەوەیەکی نوێی تیرۆر. 

ئەم هۆشدارییەی ئەمریکا لەکاتێکدایە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەیەوێت هەر وڵاتێک ئەو داعشانە وەربگرنەوە کە لە سوریا یاخود عیراق زیندانی کراون تا مەترسی دووبارە سەرهەڵدانەوەیان کەم بکاتەوە. 

لەلایەکی دیکەشەوە جەیمس جیفری نێردراوی ئەمریکا لە سوریا ئاماژەی بۆ بوونی جیاوازی کردووە لە بۆچوونی دەوڵەتانی ئەندام لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی سەبارەت بە گەڕانەوەی ئەو ئەندامانەی داعش بۆ وڵاتەکانیان. 

پێشتریش وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتیەکەی ئاگادار کردبووەوە لەوەی پێویستە ئەندامە بیانەکانی داعش بۆ وڵاتەکانی خۆیان بگێڕنەوە. 

مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، پێویستە وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەندامانی داعش بۆ وڵاتەکانیان بگێڕنەوەو لەسەر تاوانەکانیان لە وڵاتەکانی خۆیاندا دادگاییان بکەن. 

جێی ئاماژەیە لە هەفتەی رابردووەوە تورکیاش دەستیکردووە بە ناردنەوەی ئەو داعشە بیانیانەی لە زیندانەکانی وڵاتەکەیدا بوون، و بڕیارەکەش نیگەرانی چەند وڵاتێکی لێ کەوتەوە. 


ش . ر 


PM:08:48:15/11/2019


ئه‌م بابه‌ته 2020 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو