سکای نیوز: لە خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی عیراق دوو کەس کوژراون و دەیان کەسیش بریندار بوون



وێستگە نیوز-

ئاژانسی سکای نیوز-ی عەرەبی لە زاری چەند بەرپرسێکی عیراقیەوە بڵاویکردەوە، لە خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی مەیدانی خەلانی لە ناوەڕاستی بەغدا دوو خۆپیشاندەر کوژراون و دەیان کەسی دیکەش برینداربوون. 

ئەو بەرپرسە عیراقیانە بە پەیامنێری سکای نبیوزیان راگەیاندووە لە ئەنجامی بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دوو خۆپیشاندەر بە گولەی راستەوخۆ و بۆمبی گازی فرمێسک رێژ کوژراون. 

راشیگەیاندووە دەیانی کەسی دیکەش لەناو خۆپیشاندەراندا برینداربوون کاتیک ویستوویانە بەربەستە ئەمنیەکانی ناو مەیدانی خەلانی ناوەڕاستی بەغدا ببەزێنن. 

لەلایەکی دیکەشەوە ماڵپەڕی سۆمەریە نیوز بڵاویکردەوە، لە مەیدانی خەلانی بەغدا زیاتر لە ٥٠ خۆپیشاندەر بە گازی فرمێسک رێژ بەرکەوتوون بەڵام ئاماژەی بە کوژرانی هیچ خۆپیشاندەرێک نەکردووە. 

خۆپیشاندەرانی ئەمڕۆ ئەم هەینیەیان ناوناوە " هەینی خۆڕاگری" و لە بەغدا و شارەکانی دیکەش هەزاران خۆپیشاندەر چوونە سەر شەقامەکان. 

لە پارێزگای زیقاریش خۆپیشاندەران روویان لە مەیدانی حبوبی کرد، لە پارێزگای دیوانیەش هێزە ئەمنیەکان بەشێوەیەکی چڕ لە دەوری دامەزراوەو بارەگا حزبیەکان بڵاوەیان پێکرا بە مەبەستی رێگرتن لە پێشڕەوی خۆپیشاندەران. 

لە پارێزگای بەسرەی گەورە شاری عیراقیش هێزە ئەمنیەکان بازنەیەکی ئەمنیان بە دەوری مەیدانی بەحریەدا دروست کردووە کە بەردەوام ژمارەیەکی زۆر  خۆپیشاندەر رووی لێ دەکەن. 

ماوەی زیاتر لە مانگێکە خۆپیشاندەران لە بەغدا و شارەکانی ناوەڕاست و باشوری عیراق رۆژانە دێنە سەرشەقامەکان و هەزاران خۆپیشاندەر داوای هەلی کار و چاکسازی و لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران دەکەن، دوا داواکاریشیان هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و هەموارکردنی دەستورە.


ش . ر 







PM:07:12:15/11/2019


ئه‌م بابه‌ته 2020 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو