نوێنه‌ری سیستانی: هیچ كام له‌ داواكاری خۆپیشانده‌ران جێبه‌جێ نه‌كراوه‌

‌عەلی سیستانی

وێستگه‌ نیوز ـ
نوێنەری عەلی سیستانی رایگەیاند، هیچ داواکارییەکی خۆپیشاندەران جێبەجێ نەکراوە و ئەوان شەڕ دەکەن بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی.


ئەمڕۆ  لە وتاری هەینیدا لە نەجەف نوێنەری عەلی سیستانی رایگەیاند، پێویستە یاسایەکی نوێ بۆ هەڵبژاردن دابنرێت و دەبێت گۆرانکاریی لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عیراقدا بکرێت.

ناوبراو ئەوەشی وت، "نابێت خۆپیشاندەران زیان بە دامەزراوەکانی دەوڵەت بگەیەنن و دەبێت بە شێوەیەکی مەدەنییانە خۆپیشاندان بکەن".


وەک ئاماژەیەکیش بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عیراق، ئەو نوێنەرە رایگەیاند، پێویستە بۆ هەڵبژاردن متمانە لای هاوڵاتیان دروستبکرێتەوە و دەبێت لە رێگەی‌ هەڵبژاردنێکی‌ پاکی نهێنی گشتی‌ دووبارە نەخشەی‌ سیاسی عیراق دابڕێژرێتەوە و کێشەکانی وڵات چارەسەر بکرێت.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، هیچ لایەنێکی‌ دەرەکی مافی ئەوەی‌ نییە دەست لە کاروباری عیراق وەربدات و دەبێت گەلی عیراق بڕیارەکان بدات.

ئەمەش لەکاتێکدایە زیاتر لە 20 رۆژە خۆپیشاندان لە بەغدا و شارەکانی تری باشوور بەردەوامە و سەدان خۆپیشاندەر کوژران و هەزارانیش برینداربوون و خۆپیشاندانەکانیش بەردەوامن و ئەمڕۆ هەینی لە بەغدا ناونراوە هەینی خۆڕاگری و داوای گۆڕانکاری ریشەیی‌ و چاکسازی دەکەن.


PM:12:57:15/11/2019


ئه‌م بابه‌ته 3416 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت