ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران لیژنه‌یه‌كی بۆ به‌دواداچوونی كارمه‌ندانی گرێبه‌ست پێكهێنا

‌دیمەنێک لە کۆبوونەوەکە

وێستگه‌ نیوز ـ

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆیدا لیژنه‌یه‌كی بۆ به‌دواداچوونی كارمه‌ندانی گرێبه‌ست پێكهێنا تا دواتر له‌ ژێر رۆشنایی كاره‌كانی ئه‌و لیژنه‌یه‌ بڕیاری پێویستی له‌ باره‌وه‌ بدرێت.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌، ئەمڕۆ چوارشەممە 13ی تشرینی دووه‌می 2019، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەن کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبووەنەوەکەدا، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگە راپۆرتێکی دەربارەی پێکهاتەی وەزارەت و میلاك و خەرجییەکان و هەنگاوەکانی پڕۆژەی چاکسازی لە بواری کاروباری پێشمەرگە خستەڕوو.

ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا لیژنەیەك بە سەرۆکایەتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئەندامێتی جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیرانی ناوخۆ و کاروباری پێشمەرگە و دارایی و ئابووری بۆ بەدواداچوونی بڕگەکانی راپۆرتەکەی وەزارەتی پێشمەرگە پێکبهێنرێت و دواتر بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدرێت.

دواتر خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ بەڕێوەبردنی دۆسێی دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی راپۆرتێکی خستەڕوو دەربارەی بڕیاری دادگای فیدراڵی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی ماددەکانی 3 و 12 و 16 و 17 لە یاسای فیدراڵی ژمارە 4ی ساڵی 2019 تایبەت بە هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاکان ژمارە 12ی ساڵی 2018 و دوا پەرەسەندنەکانی لیژنەی پێکهاتوو بۆ گۆڕانکاری لە دەستووری عیراق و یەکەمین کۆنووسی لیژنەکە. ئەنجومەنی وەزیران هەروەها گفتوگۆی دەربارەی پڕۆژە یاسای هەڵبژاردنەکانی عیراق کرد.

ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لە سەر پاراستنی دەسەڵات و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کە بە هیچ شێوەیەك سازشیان لە سەر ناکرێت.

لە کۆتاییدا ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا لیژنەیەك بۆ بەدواداچوونی بارودۆخی کارمەندانی گرێبەست پێکبهێنێت، بۆ ئەوەی دواتر دەرئەنجامی بەدواداچوونەکە بخاتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران.

هــ. ر


PM:04:17:13/11/2019


ئه‌م بابه‌ته 2556 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو