مەزڵوم کۆبانێ: تورکیا هاندەرێکە بۆ خۆرێکخستنەوەی داعش


 
وێستگە نیوز- 
فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە ) تورکیا بە هاندەرێک بۆ خۆڕێکخستنەوەی رێکخراوی داعش تۆمەتبار دەکات و دەڵێت بەهۆی تورکیاوە داعش بۆ ئەو ناوچانە دەگەڕێتەوە کە لێی دەرکراوە.

 
لە دیدارێکیدا لەگەڵ تۆڕی سکای نیوز، مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، رایگەیاندووە، مەترسی گەڕانەوەی داعش جدی و گەورەیە، بەشێکی زۆر ئەمە نازانن بەڵام راستیە، هێرشەکانی تورکیا دەرفەت و هیوای بە داعش داوە تاکو ریزەکانی رێکبخاتەوە ، لەو شارانەی سوریا کە تورکیا چووەتە ناویەوە داعش دەتوانێت خۆی رێکبخاتەوە.
 
ئەم لێدوانەی کۆبانێ دوای ئەوە دێت تورکیا هێرشی کردە سەر ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان لە سوریا بە ئامانجی دوورخستنەوەی شەڕڤانان لە ناوچە سنورییەکان، هێرشەکانی تورکیا هەتا بەستنی رێککەوتننامەیەک لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوامی هەبوو، بەشێک لە ناوەڕۆکەکەشی کشانەوەی هێزە کوردییەکان بوو لە ناوچە  هاوسنورییەکان لەگەڵ تورکیا.
 
مەزڵوم کۆبانێ بە سکای نیوز-ی وتووە " تورکیا هاندەرێکە بۆ گەڕانەوەی داعش بۆ ئەو ناوچانەی هێزە کوردییەکان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لێ نەماون".
 
کۆبانێ وتوویەتی، " بەڵێ ئەوە راستە، ئەوە تۆمەتێکی جدیە بەڵام بەڵگە هەن کە راستیەکەی دەسەلمێنن، ئەوەش تەنها ئەندامانی داعش ناگرێتەوە بەڵکو ئەندامانی بەرەی نوسڕە و قاعیدەش دەگرێتەوە کە لە ساڵانی 2013 و 2014 ئێمە رووبەڕوویان دەبووینەوە".
 
سکای نیوز رایگەیاندووە، تورکیا لەلای خۆیەوە بە هەموو شێوەیەک ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە بەڵام کۆمەڵێک ڤیدیۆ کە لای هێزەکانی سوریای دیموکراتە و دەست سکای نیوز کەوتووە ئەوە دەسەلمێنێت کە چەکدارە توندڕەوەکان بۆ بەرژەوەندی سوپای تورکیا شەڕ دەکەن.
 
سەبارەت بەو زیندانیە داعشانەی لای هێزەکانی سوریای دیموکرات دەستگیرکراون، مەزڵوم کۆبانێ بە سکای نیوز-ی راگەیاندووە هێزەکانیان ناتوانن بۆ ماوەیەکی درێژ چەکدارانی داعش لە زیندانەکانیاندا بهێڵنەوە.
 
وتووشیەتی،" چەندین جار داوامان لە وڵاتانی ئەوروپی کردووە ئەو داعشانە بۆ وڵاتەکانیان بگێڕنەوە کە بیانین و لە وڵاتی خۆیاندا دادگاییان بکەن لەبەرئەوەی ئێمە ناتوانین هەتا هەتایە زیندانیان بکەین".
 
مەزڵوم کۆبانێ لە دیدارەکەیدا لەگەڵ سکای نیوز مەترسی داعش-ی لەسەر ئەوروپا باس کردووەو ئەوەی بەبیرهێناوەتەوە کە لە ساڵی 2017 دا لە هێرشێکیدا لە ناوچەی مانچستەر ئەرینا لە بریتانیا  داعش لە هێرشێکدا 22 کەسی کردووەتە قوربانی".
 
لەبارەی ئەو مەترسیەوە کۆبانێ وتوویەتی، " ئەگەرێکی کراوەیە ، لە داهاتوودا روودەدات ، ئێمە نازانین چارەنوسی ئەم داعشانەی ناو زیندانەکانمان چی دەبێت، لە ئێستادا باڵانسی هێز لە سوریا جیاوازە".
 
 
ش . ر


PM:03:00:13/11/2019


ئه‌م بابه‌ته 2160 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت