وته‌بێژی نه‌وه‌ی نوێ: لە هەرێمی کوردستانیش دۆخەکە لە تەقینەوەدایە


وێستگه‌ نیوزـ

وته‌بێژی جوڵانەوەی‌ نەوەی‌ نوێ به‌پێویستی زانی یەکێتی‌ و پارتی‌ چاکسازیی‌ راستەقینە لە هەرێم بكه‌ن، ئه‌گه‌رنا ئەوا لەکاتی دەنگدان بە دەستوری عیراقی، ڤیتۆی‌ سێ پارێزگاکە دەشکێنن، وتیشی" لە هەرێمی کوردستان دۆخەکە لە تەقینەوەدایە".

جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاند، ئەگەر پارتی و یەکێتی چاکسازیی کرداری نەکەن لە هەرێم، ئەوا جوڵانەوەکەیان ڤیتۆی سێ پارێزگاکەی هەرێم دەشکێنێت و لەگەڵ لایەنەکانی تر لە عێراق رێکدەکەوێت، کە دەستورێک تێپەڕێت، ئەگەرچی بە دڵی پارتی و یەکێتیش نەبێت، بەڵام لە خزمەت خەڵکی کوردستان و هاوڵاتییاندا بێت، نەک لە خزمەتی دوو پارتی دەسەڵاتدار، بۆیە پێویستە چاکسازیی راستەقینە لە هەرێم بکرێت، تا کار لە کار نەترازاوە.

لەكاتی پێشوازیی‌ ڤینسۆ گییۆم پوپۆ بەرپرسی ئۆفیسی یەکێتیی‌ ئەوروپا لە هەرێم، کە سەردانی جوڵانەوەکەی کردبوو، کازم فاروق وتەبێژی‌ جوڵانەوەی‌ نەوەی‌ نوێ لەسەر خۆپیشاندانەکانی عیراق و بارودۆخی هەرێمی کوردستان، بە نێردەی‌ یەکێتیی‌ ئەوروپای‌ راگەیاندوە، پشتیوانیی خۆپیشاندەرانی عیراق دەکەن و پێیان باشە ئەم حکومەتە هەڵبوەشێتەوە و هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامبدرێت لەژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکاندا.

راشیگەیاند، لەگەڵ هێزە کوردییەکان هاوڕا نین و بەشدارنابن لەگەڵیان لە هیچ هاوپەیمانێتی‌ و فراکسیۆنێک، چونکە پێیانوایە پارتی و یەکێتی ئەجێندای خۆیان هەیە و خزمەتی کورد و پرۆسەی سیاسی ناکەن.

کازم فاروق بە نێردەی‌ یەکێتیی‌ ئەوروپای‌ وتوه‌، لە هەرێمی کوردستان دۆخەکە لە تەقینەوەدایە و کەس پێشبینی ناکات کەی دەتەقێتەوە، ئەمجارەش بتەقێتەوە، تەقینەوەی توندوتیژ دەبێت، نەک مەدەنی، چونکە خەڵکی هەرێم پڕن و بەشێکی هاوڵاتییانیش باوەڕیان بە خەباتی مەدەنی نەماوە.


PM:08:34:12/11/2019


ئه‌م بابه‌ته 3316 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت