له‌ سلێمانی گه‌ڕه‌كێك تێكده‌درێت و ده‌كرێته‌ سه‌نته‌رێكی بازرگانی


وێستگه‌ نیوزـ

سه‌‌رۆكایه‌‌تیی شاره‌‌وانیی سلێمانی رونكردنه‌وه‌یه‌كی سه‌باره‌ت به‌ روخانی گه‌ڕه‌كی شێخان بڵاوكره‌وه‌ و رایگه‌یاند كه‌ له‌ ئاینده‌دا گه‌ڕه‌كی‌ شێخان ده‌بێته‌ سه‌نته‌‌رێكی بازرگانی گه‌‌وره‌‌ و ئه‌‌و خانووانه‌‌شی كه‌ شێوازی كه‌‌له‌‌پووریان پێوه‌‌ ماوه‌‌، له‌سه‌ر شێوه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌یان نۆژه‌‌ن ده‌‌كرێنه‌‌وه‌‌.

سه‌‌رۆكایه‌‌تیی شاره‌‌وانیی سلێمانی روونكردنه‌‌وه‌‌یه‌كی‌ سه‌‌باره‌‌ت به‌‌ گه‌‌ڕه‌‌كی شێخان بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند "گه‌‌ڕه‌‌كی شێخان كه‌‌ ده‌‌كه‌‌وێته‌‌ به‌‌رانبه‌‌ر دادگای كۆنی سلێمانی له‌‌ ساڵه‌كانی 1980وه‌‌ كاری ئیستملاكی بۆ كراوه‌‌، بۆ ئه‌‌وه‌‌ی بكرێته‌‌ سه‌‌نته‌‌رێكی بازرگانی".

سه‌‌رۆكایه‌‌تیی شاره‌‌وانیی سلێمانی راشیگه‌یاندوه‌: "به‌ڵام به‌‌ھۆی بارودۆخی ئه‌‌وكاته‌‌ی وڵات كه‌ له‌‌ جه‌‌نگدا بوو، پڕۆژه‌‌كه‌‌ جێبه‌‌جێ نه‌‌كراوه‌، خانووه‌‌كانیش دران به‌‌ كارمه‌‌ندانی شاره‌‌وانیی سلێمانی به‌‌ شێوه‌‌ی كرێچیی شاره‌‌وانی".

ده‌شڵێت: "به‌ڵام به‌‌ھۆی خراپی و كۆنی خانووه‌‌كان دانیشتووانی ئه‌و خانووانه‌ داوایان كرد له‌‌ به‌‌رانبه‌‌ر چۆڵكردنی خانووه‌‌كانیان، پارچه‌‌یه‌ك زه‌‌وییان پێبدرێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش شاره‌‌وانیی سلێمانی 56 پارچه‌‌ زه‌‌وی به‌‌شێوه‌‌ی تیروپشك دابه‌‌ش كرد".

به‌پێی رونكردنه‌وه‌كه‌ "ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ له‌ ئاینده‌‌دا ده‌‌بێته‌ سه‌نته‌‌رێكی بازرگانی گه‌‌وره‌‌، ئه‌‌و خانووانه‌‌شی كه‌ شێوازی كه‌‌له‌‌پوورییان پێوه‌‌ ماوه‌‌، له‌سه‌ر شێوه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌یان نۆژه‌‌ن ده‌‌كرێنه‌‌وه‌‌ و له‌‌ناو سه‌نته‌‌ری بازاڕه‌‌كه‌‌دا وه‌‌ك مۆزه‌‌خانه‌‌ و ھه‌‌ندێكیان وه‌‌ك گازینۆ و چێشتخانه‌‌ به‌‌شێوازه‌‌ كۆنه‌كه‌‌ی خۆیان به‌‌كارده‌‌ھێنرێن".


PM:11:02:10/11/2019


ئه‌م بابه‌ته 8112 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت