لەسەر دەستدرێژی سێکسی داوای دژی ترەمپ تۆمار کرد

‌دیدارێکی کارۆل و دۆناڵد ترەمپ 23 ساڵ لەمەوپێش

وێستگە نیوز- 
ئەو ژنە ئەمریکیەی لەسەر "دەستدرێژی سێکسی" داوایەکی دژی دۆناڵد ترەمپ بەرزکردبووەوە، جارێکی دیکە داوایەکی دژی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشکەشی دادگا کرد.

دوێنێ دووشەممە ئەو خانمە داوایەکی ئاراستەی دادگای وڵاتەکەی کرد و تێیدا دۆناڵد ترمپ-ی بەوە تۆمەتبار کردووە 23 ساڵ پێش ئێستا دەستدرێژی سێکسی کردووەتە سەر.

ئەی جین کارۆل کە هاوکات نوسەریشە لە گۆڤاری ئیڵ دوای بەرزکردنەوەی داواکەی بۆ دادگای ویلایەتی نیویۆرک وتوویەتی، " ترەمپ دەربارەی دەستدرێژی کردنە سەرم درۆی کردووەو راستگۆییمی لەکەدار کردووە".

ئەو داوایەی کارۆل لەسەر ترەمپ تۆماری کردووە دوای ئەوە دێت دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندبوو، دەستدرێژی نەکردووەتە سەر کارۆل و هەرگیزیش نەیبینیوە، وتیشی، " ئەو خانمە درۆ دەکات و ئەوەی دەیکات تەنها بۆ فرۆشتنی کتێبەکەیەتی".

مانگی شەش-ی ئەمساڵ گۆڤاری نیویۆرک بەشێک لە کتێبی یادەوەرییەکانی ئەو خانمەی بڵاوکردەوە کە تێیدا نوسیبووی "ترەمپ لە ناوچەی بێرگدرۆف گۆدمان لە ماوەی نێوان ساڵی 1995 بۆ 1996 دەستدرێژی کردوومەتە سەر".

لە راگەیەندراوێکیشدا ستیڤانی گریشام خانمە وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، پرسێکی پووچە و تەنها چیرۆکێکە ئەو خانمە بۆ ئەوەی کتێبە بێ بەهاکەی پێ بفرۆشێت دروستیکردووەو ئەو رووداوە هەرگیز رووینەداوە.

ترەمپ بە رۆژنامەی زە هیڵ-ی واشنتن-ی وتووە، " لەگەڵ رێزمدا ئەمە دەڵێم، یەکەم : کارۆل لەو کەسانە نیە کە دڵخوازی منن، دووەم: دەستدرێژیکردن رووی نەداوە، هەرگیز رووی نەداوە، تێگەیشتن؟".

ئەی جین کارۆل لە یادەوەرییەکانیدا نوسیویەتی، " دەستدرێژیەکەی ترەمپ دوو تا سێ خولەکی خایاندووە و لە ژووری خۆگۆڕیندا لە دەستی ترەمپ هەڵاتووەو بەرەو شەقامێکی سەرەکی رایکردووە.

لە بەیانێکیشدا ئەی جین کارۆل رایگەیاندووە، پێویستە کەس لە سەرو یاساوە نەبێت تەنانەت ئەگەر ئەو کەسە سەرۆکی وڵاتیش بێت.


ش . ر


PM:09:54:05/11/2019


ئه‌م بابه‌ته 4628 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو