پێنج سایلۆی نوێ له‌ هه‌رێمی كوردستان دروست ده‌كرێن

‌سایلۆی پێشووی سلێمانی.. فۆتۆ: ئەرشیڤ

وێستگه‌ نیوز ـ هه‌ستیار
وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی و پیشه‌سازی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، لە ئێستاداساڵانە دەتوانن زیاتر لە 540 هەزار ته‌ن دانەوێڵە هەڵبگرن و خواستیان هەیە بیگەیەنن بۆ یەك ملیۆن ته‌ن، دەشڵێت، "بڕیارە پێنج سایلۆی نوێ لە هەرێمی كوردستان دروست بكرێن".


فەتحی محەمه‌د، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی و پیشه‌سازی حكومەتی هەرێمی كوردستان به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: "بەپێی ئەو پلانەی دانراوە، بڕیارە پێنج سایلۆی تر لە هەولێر و دهۆك و سلێمانی دروست بكرێن، كە هەر سایلۆیەك 40 هەزار ته‌ن دانەوێڵە دەگرێت، چونكە بەرهەمی كشتوكاڵی لە هەرێمی كوردستان زۆرە و شوێنمان كەمە، بۆیە ئەو سایلۆیانە دروست دەكرێن بۆ ئەوەی ئەو كێشەیەمان نەمێنێت".

وتیشی: "ئێمە بەشێكین لە ئاسایشی خۆراك و دەمانەوێت بەشداری بكەین لەو بوارەدا، لە ئێستاشدا لە هەرێمی كوردستان شەش سایلۆ هەن و 540 هەزار ته‌ن دانەویڵە لەخۆ دەگرن، بەڵام خواستمان هەیە بیگەیەنینە یەك ملیۆن ته‌ن، ئەوكات كێشەی دانەوێڵە‌مان نامێنێت، كە خواستی یەكەمی هاوڵاتیانە، بۆیە ئەگەر هەر گرفتێكیش رووبدات، ئەو كات دەتوانین چەند ساڵێك بەو دانەوێڵەیە خۆمان راگرین و ئەمەش هەنگاوێكی گرنگە".


PM:06:33:23/10/2019


ئه‌م بابه‌ته 2416 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت