سه‌فین دزه‌یی: دەکرێت برەوی زیاتر بە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بدرێت

‌سەفین دزەیی

وێستگه‌ نیوز ـ

سه‌فین دزه‌یی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند، راگرتنی کاری کۆمپانیای روسنەفت لە بلۆکێکی نەوتی هەرێمی کوردستان بەهۆی شەڕ لە رۆژئاوای کوردستان کاتییە و دەست بەکارەکانیان دەکەنەوە.

 
سەفین دزەیی، له‌ کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "وەستانی کاری کۆمپانیای رووسنەفت لە بلۆکێکی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی کاتی ئاساییە، بەڵام ئەوان بڕیاری سەرمایەگوزاری خۆیان داوە و بەردەوامیش دەبن".
 
سەفین دزەیی ئاماژەی بەوەشدا، کە کردنەوەی هەر دەروازەیەکی نوێ لە هەرێمی کوردستان دەبێت بە هه‌ماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بێت، له‌و رووه‌وه‌ وتی، "ئەو بابەتەی هەمیشە تورکیا و ئێران باسی دەکەن کە چەندین دەروازەیەکی سنووری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەیە، ناکرێت تورکیا تەنیا تەرکیز لەسەر دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بکات بۆ ئەوەی چەندین دەروازەی هەبێت، بەڕای من ئەوە بیرۆکەیەکی زۆر ئاساییە، بەڵام لەم کاتەدا دەکرێت برەوی زیاتر بە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بدرێت، چونکە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنانێکی زۆری لە توونێلی گەلی زاخۆ کردووە بۆ ئەوەی کارئاسانی زیاتر هەبێت بۆ هاتوچۆی بازرگانی".

وتیشی: "ئەگەر ئەو دەروازەیە بکرێتەوە لە رووی ئابوورییەوە کێشەی نییە، بەڵام لەڕووە عەمەلییەکەوە چۆن دەکرێت، چونکە لایەنێکی لەدەستی سووریادایە و ئەوەی دیکەش پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، لەبەرئەوە هەرکارێک بکرێت دەبێت پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە بکرێت و راوێژ و گفتوگۆ هەبێت".
 
سەبارەت بە محەمەد، ئەو منداڵەی لە رۆژئاوای کوردستان برینداربوو و ئێستا چارەسەر وەردەگرێت، سەفین دزەیی وتی: "دەبێت شێوازی سووتانی محەممەد بەشێوازێکی پسپۆڕیانە تەشخیس بکرێت".
 
بە وتەی سەفین دزەیی، زیاتر لە پێنج هەزار کەس ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون و دەشڵێت، "هەموو ئاوارەکان بەشێوەیەکی فەرمی نەهاتوون، بەڵکو بەڕێگەی دیکە هاتوونە باشووری کوردستانه‌وه‌، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرگای واڵایە بۆ ئاوارەکان و ئامادەی هەموو هاوکارییەکە".
 
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا، سەفین دزەیی ئاماژە بەوە دەدات، "رەنگە ئێستا حکومەتی عیراق نەتوانێت تەرکیز لەسەر هەموو بابەتێک بکات، بەداخەوە ئەو بەرەوپێشچوونەی هەبوو نزیکبووین لە رێککەوتن لەگەڵ عیراق، بەڵام ئەو رووداوانەی لە سەرەتای مانگی دە هاتە پێش و خۆپیشاندانەکان پەیوەندی و گفتوگۆکانی سست کردووە، ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆ و دانووستاندن، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پشتیوانی تەواوی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی دەکات و ناکرێت خۆپیشاندانەکان بەلاڕێدا ببردرێن".

هــ. ر


AM:11:32:22/10/2019


ئه‌م بابه‌ته 4460 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت