"لەهەرێمی كوردستان هیچ جۆرە دەرزییەك نیە بۆ كۆتاییهێنان بەژیانی هیچ كەسێك"



وێستگە نیوز- زانكۆ سەردار

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم رەتی دەكاتەوە، ئەوەندەی ئەوان ئاگادار بن ژیانی (محەمەد) منداڵە بریندارەكەی رۆژئاوا كە ئێستا لەباشوری كوردستانە و لەژێر چاودێری پزیشكدایە، لەمەترسیدا بێت.

پاش بڵاو بونەوەی هەواڵی ئەوەی كە هەوڵێك هەیە بۆ ژەهراوی كردنی (محەمەد حەمید محەمەد) ئەو منداڵەی بەهۆی هێرشەكانی سوپای توركیاوە لەرۆژئاوای كوردستان بەسەختی بریندار بوو، لەوبارەیەوە (محەمەد قادر) وتەبێژی تەندروستی حكومەتی هەرێم بە (وێستگە نیوز)ی ڕاگەیاند"لەرووی تەندروستییەوە بەهیچ شێوەیەك بابەتی وەها بوونی نیە، چونكە ئەمڕۆ سەرۆك بارزانی بۆخۆی پەیوەندی كرد بەخانەوادەی ئەو منداڵەوە كە لەناوە و دەرەوەی هەرێم هەرشتێكیان بوێت بۆیان دەكات، وەك وەزارەتی تەندروستی هەستمان بەهیچ شتێكی وەها نەكردوە".

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی رەتی كردەوە لەهەرێمی كوردستان شتێك هەبێت بەناوی دەرزی كوشندە و وتی"رەنگە لە هەندێك شوێن كە دەرمانێك بەهەڵە بەكاربهێنرێت ببێتە هۆی گیانلەدەستدان، بەڵام وەك ئەوەی دەرزی كوشندە بێت شتێكی وەها بونی نیە".

هاوكات د.صباح محمود محمد زیباری، سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لەپەرلەمانی كوردستان بۆ (وێستگە نیوز) بێئاگایی خۆی دەربڕی لەبەرامبەر هەر هەوڵێك بۆ زیانگەیاندن بە (محەمەد) و ووتی"ئێمە بەدوا داچون بۆ هەركەیسێكی تەندروستی دەكەین، ئێمە لەخزمەتی خەڵكداین و ئەركی سەرشانمانە كە بەرگری لەمافی خەڵك بكەین".

موسلیم عەبدوڵا قەسرێ‌، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەسەر هەمان پرس جەخت لەوە دەكاتەوە، ئەوان بەدواداچونیان بۆ ئەو پرسە كردوە و وتی"پەیوەندیم بەچەند هاوپیشەیەكمەوە كرد هەمووان كۆك بوون لەسەر ئەوەی هیچ مەترسییەك لەسەر ژیانی ئەو منداڵە نیە".

موسلم قەسرێ‌ وتیشی"هاورێیانم لەنەخۆشخانەی رۆژئاوا پێیان وتم كە چەندان نەخۆشی هاوشێوەی محەمەد چۆتە لایان و هەرگیز دەرزییەكی كوشندەویان لێنەداوە و شتی وەها بەخەیاڵیش بیری لێنەكراوەتەوە، بۆیە ئەوە هیچ بنەمایەكی نیە".

بڵاو بونەوەی هەواڵی هەبوونی مەترسی لەسەر ژیانی (محەمەد حەمید) منداڵە بریندارەكەی رۆژئاوای كوردستان لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ دووشەممە (مەسعود بارزانی) سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە ئامادەی هاوكاری بۆ خانەوادەی ئەو منداڵە دەربڕیوە.

محەمەد حەمید محەمەد، منداڵێكی رۆژئاوای كوردستانە و بەهۆی بەكارهێنانی چەكی قەدەغەكراو لەلایەن سوپای توركیاوە بۆسەر رۆژئاوا، بەسەختی بریندار بووە و لەئێستادا لەباشوری كوردستان لەژێر چاودێری ووردی پزیشكیدایە.


PM:08:03:21/10/2019


ئه‌م بابه‌ته 5208 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو