موقته‌دا سه‌در به‌یاننامه‌یه‌كی بۆ خۆپیشاندانەکەی 25ی ئەم مانگە ده‌ركرد
موقته‌دا سه‌در
وێستگه نیوزـ
رابه‌ری ره‌وتی سه‌در به‌یاننامه‌یه‌كی له‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌كانی داهاتووی عیراق ده‌كرد كه بڕیاره 25ی ئه‌م مانگه ساز بكرێت و رایگه‌یاند: سه‌رجه‌م سیاسی و كاربه‌ده‌ستدان له هه‌ڵچوونی جه‌ماوه‌ر تۆقیون.
له به‌یاننامه‌كه‌یدا كه ئه‌مڕۆ شه‌ممه 19ی تشرینی یه‌كه‌می 2019 ده‌ریكردوه، موقته‌دا سه‌در رایگه‌یاندوه: خۆپیشاندانه‌كه‌ی 25ی ئه‌م مانگه مافی خۆتانه، به‌ڵام با پێتان بڵێم چی له پشت په‌رده‌وه روو ده‌دات، هه‌موو سیاسیه‌كان و كاربه‌ده‌سته حكومییه‌كان له هه‌ڵچوونی گه‌ل تۆقیون و هه‌موویان كه‌وتونه‌ته خۆیان، به‌ڵام تازه كار له‌كار ترازاوه.
سه‌در به خۆپیشانده‌رانی وتوه: "سیاسی و كاربه‌ده‌ستان ده‌یانه‌وێت به هه‌ندێك ده‌م چه‌ور كردن، بێده‌نگتان بكه‌ن، وه‌ك دامه‌زراندن و موچه و شتی دیكه، هه‌مووشیان خۆیان بۆ خراپترین سیناریۆ ئاماده كردوه و بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر كۆبونه‌ته‌وه... به‌ڵام چاره‌سه‌ریان پێ نییه".
له به‌شێكی دیكه‌ی به‌یاننامه‌كه‌یدا رابه‌ری ره‌وتی سه‌در بانگه‌وازی بۆ سوپای عیراق كردوه و پێی وتون كه ئه‌وه‌ی خۆپیشاندان ده‌كات، گه‌لی خۆیانه نه‌ك داعش و داگیركه‌ر و وتویه‌تی:" نه‌كه‌ن لوله‌ی تفه‌نگه‌كانتان بكه‌نه رۆڵه و براكانتان، نه‌كه‌ن زیندانه‌كانیان پێ پڕ بكه‌ن، به‌ڵكو پڕی بكه‌ن له گه‌نده‌ڵ".
سه‌در روی له وڵاتانی دراوسێش كردوه و وتویه‌تی: "دراوسێكان..واز له گه‌ل بێنن بڕیار له چاره‌نوسی خۆی بدات..هه‌ركات گه‌ل بڕیاری دا ده‌بێت گوێ له ده‌نگی بگیرێت، ئه‌گه‌ر گه‌لیش بێده‌نگ بوو، پێویسته ئێوه‌ش بێده‌نگ بن".
له سه‌ره‌تای مانگی تشرینی یه‌كه‌م خۆپشاندان و ناڕه‌زایی له به‌غدای پایته‌خت و شاره‌كانی ناوه‌ڕاست و باشوری عیراق دژی گه‌نده‌ڵی و نه‌بوونی كار و خراپیی خزمه‌تگوزاری سازكرا و به‌هۆیه‌وه زیاتر له 100 كه‌س كوژران و هه‌زارانی دیكه‌ش برینداربوون، حكومه‌تیش به‌ڵێنی دا داواكارییه‌كانی خۆپیشانده‌ران جێبه‌جێ بكات.
PM:10:45:19/10/2019
ئه‌م بابه‌ته 4184
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت