"بەشیر حەداد نزیکەی 63 ملیۆن دیناری بۆ مانەوەی لە ئۆتێل لە شەش مانگ-دا خەرجکردووە"



وێستگە نیوز-
بەپێی بەڵگەنامەیەکی بڵاوکراوە، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عیراق بۆ مانەوەی خۆی و پاسەوانەکانی لە ئۆتێل رەشید-ی بەغداد لە ماوەی شەش مانگدا نزیکەی 63 ملیۆن دەیناری خرجکردووە.

بەڵگەنامەکە واژۆی بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی دارایی پەرلەمانی عیراق-ی بەسەرەوەیەو داوا لە سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکات ئەو بڕە پارەیە بۆ ئۆتێل رەشید خەرجبکات.

بەپێی ئەو بەڵگەنامەیە بەڕێوەبەرێتی ئۆتێل رەشید-ی شاری بەغدا داوای ئەو بڕە پارەیە دەکات کە بەشیر حەداد لە ماوەی نێوان 5-9-2018 تا 28-11-2018 و ماوەی نێوان 7-1-2019 تا 6-5-2019 لە ئۆتێلەکەدا خەرجیکردووە.

ئیدارەی ئۆتێل رەشید ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن "مانەوەی بەشیر حەداد لە سویتێکی تایبەت لە ئۆتێلەکەدا 26 ملیۆن و 585 ھەزار دینار خەرجی هەبووە".

هەر بەپێی بەڵگەنامەکە، " مانەوەی پاسەوانەکانی بەشیر حەداد کە هەریەکەیان ژووری تایبەتی هەبووە  بڕی خەرجیەکەی بریتی بووە لە بڕی 36 ملیۆن و 275 ھەزار دینار.

هاوکات لەو ماوەیەی ئۆتێل رەشید ئاماژەی پێداوە، "تێچوونی خواردن گەیشتووەتە پێنج ملیۆن و 184 ھەزار و 250 دینار".

سەرۆکی فەرمانگەی گشتی دارایی پەرلەمانی عێراق لە بەڵگەنامەکەدا ئاماژەی بەوە داوە لە بودجەدا خەرجکردنی کرێی خانوو شوێنی مانەوە ئاماژەی پێ نەکراوە و خەرجیەکان لەسەر فەرمانی سەرۆکی پەرلەمان دەبێت، ھیچ بنەمایەکی یاساییش نییە بۆ تەرخانکردن و خەرجکردنی پارە بۆ نان خواردن.


PM:09:29:18/10/2019




ئه‌م بابه‌ته 5336 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت