بنەماڵەی لانە محەمەد: لانە ساڵانێك بوو ژیانێكی نەخوازراوی خێزانی بەرێدەكرد



وێستگە نیوز-
پاش گیانلەدەستدانی كچەكەیان، بنەماڵەی رۆژنامەنوس لانە محەمەد ڕاگەیەنراوێكیان بڵاوكردەوە و جەختیش لەوە دەكەنەوە رووداوەكە رووداوێكی كەسی بووە.

لەڕێگەی ڕاگەیەنراوێكەوە، بنەماڵەی رۆژنامەنوس (لانە محەمەد ساڵح) كە دوو رۆژ لەمەوبەر لەگەڵ رۆژنامەنوس (ئامانج بابانی) و كۆرپەكەیان بەهۆی رووداوی تەقەكردنەوە گیانیان لەدەستدا، ڕایدەگەیەنن"لانەخان نە یەكەم كەسبووە لە دنیادا بیەوێت لە هاوسەرەكەی جیاببێتەوەو نە دواهەمین كەسیش دەبێت، ئەو ساڵانیك بوو ژیانێكی نەخوازراوی خێزانی بەرێدەكرد، كە سەرەنجام بەراوێژكردن لەگەڵ كەسوكارەكەی بڕیاری جیابوونەوەی لە هاوسەرەكەی دا".

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:

راگەیەنراوێك لە بنەماڵەی جوانەمەرگ (لانە محەمەد)وە

بەناوی بنەماڵەی جوانەمەرگ لانە محەمەدەوە، سوپاس و پیزانینی بێپایانمان ئاراستەی هەموو ئەو كەسانە دەكەین كە هاوسۆز بوون لەگەڵمانداو بە بەرپرسیاریەتی بەرزی خۆیان لە ئازاری ئێمەیان كەمكردەوە. هەڵوێستی سەرجەم لایەنە سیاسیەكان و بەرپرسانی باڵای حزبی وحكومی و خزمان و دۆستانی قەدرگران كە لە دوورو نزیكەوە هاوخەممان بوون و لەسەرەتای كۆستە قوڵەكەمانەوە لەگەڵماندا بوون، جێگای رێزو پێزانینمانە.

زۆر سوپاسی تایبەتمان بۆ داموودەزگا ئەمنیەكان كە رۆڵی پیشەییانەیان بینی و بێلایەنانە لەگەڵ كەیسەكە مامەڵەیان كرد.

سوپاسی دەزگاكانی راگەیاندن بەتایبەت كەناڵی كوردسات و تەواوی ئەو كەناڵ و سایت و میدیایانەی تر دەكەین كە بەئاستی بەرزی بەرپرسیاریەتی ئەخلاقیەوە مامەڵەیان لەگەڵ كارەساتەكەماندا كرد. ئیمە وێرای دڵتەنگی و خەمی قوڵمان لەم كۆستە ناخهەژێنە جەخت دەكەینەوە سەر ئەوەی كە كێشەی كچە نازدارەكەمان كێشەیەكی خێزانی بووە، نەك كێشەی سیاسی و پەیوەندیدار بە ئازادی رۆژنامەوانییەوە، وەك ئەوەی كەناڵی (ئێن ئاڕ تی) بەردەوامە لەسەر چەواشەكردنی رایگشتی و دەیەوێ‌ لەسەر حسابی ژان و ئازاری ئێمە "وەبەرهێنانێكی پۆخڵ" لەم كەیسەدا بكات، كە ئەمە جگە لەوەی بەقوڵی ئێمە بریندار دەكات لەهەمانكاتدا دژی بەهای بەرگریكردنە لە راستی و ئازادی و دادپەروەریش.

لانەخان نە یەكەم كەسبووە لە دنیادا بیەوێت لە هاوسەرەكەی جیاببێتەوەو نە دواهەمین كەسیش دەبێت، ئەو ساڵانیك بوو ژیانێكی نەخوازراوی خێزانی بەرێدەكرد، كە سەرەنجام بەراوێژكردن لەگەڵ كەسوكارەكەی بڕیاری جیابوونەوەی لە هاوسەرەكەی داو كەیسەكەش نزیكەی پێنج مانگە لە دادگایەو بەهاوكاری دوو پارێزەر بەرەو یەكلابوونەوە دەرۆیشت.

ئیمە لەدوو رۆژی رابردودا زۆر هەوڵماندا ئەو چەواشەكاریە رابگیرێ‌ كە دوور لە هەموو بەهایەكی مرۆڤانە، بوو بەبارێكی تر بەسەر كۆستەكەمانەوەو دەبوایە (كەناڵی ئێن ئارتی) كە لەیەكەم ساتی روداوەكەوەو لە (پزیشكی دادی) سلێمانیەوە هەڵوێستەیەكیان بكردایە، كاتێك دەیان بینی ئێمە لە (دادی پزیشكی)ەوە:

_تەرمی جوانەمەرگ و مناڵەكەمان بەجیا وەرگرتەوە.

_لە گۆرستانێكی جیاواز ناشتمانن.

_ پرسەیەكی جیاوازمان بۆدانان.

دەبوایە ئیستێكیان بكردایەو بەو گوتارە چەواشەكاریەیاندا بچونایەتەوە. 

بەداخەوە ئێمە لەمكاتەدا كە هەرتەنیا باری كۆستی كچە بەناحەق كوژراوو منداڵەكەیمان بۆ هەڵدەگیرێت، ناچار كراین ئەم رونكردنەوەیە بنوسین و دەرگای بوختان و چەواشەكاری كڵۆم بدەین.

لەكۆتایدا هیوادارین ئەو كارەساتە بەسەر هیچ خێزانێكدا نەیەت و هیچ هاونیشتمانییەكی كوردستان مەرگی ئازیزانی خۆیان نەبینن.
لەگەڵ رێزماندا...

بنەماڵەی جوانەمەرگ
لانە محەمەد ساڵح


PM:06:53:18/10/2019


ئه‌م بابه‌ته 49164 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت