ئه‌مریكا و توركیا له‌سه‌ر راگرتنی شه‌ڕ له‌ رۆژئاوای كوردستان رێككه‌وتن

‌مایك پینس، جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا

وێستگه‌ نیوزـ

جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا رایگه‌یاند كه‌ له‌گه‌ڵ توركیا رێككه‌وتون بۆ راگه‌یاندنی میكانیزمێك بۆ راگرتنی شه‌ڕ له‌ باكوری سوریا و ده‌ستكردن به‌ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی شه‌ڕڤانان له‌ ناوچه‌كانی جه‌نگ.

له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ مایك پۆمپیۆ-ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی مایك پینس، جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا رایگه‌یاند كه‌ بەپێی رێککەوتنەکەی نێوانیان، ئه‌نقه‌ره‌ بۆ ماوەی 120 كاتژمێر ئۆپەراسیۆنەکەی راده‌گرێت  لەو ماوەیەشدا هێزه‌كانی سوریای دیموكرات لەو ناوچانه‌ ده‌كشێنه‌وه‌ کە به‌ ناوچەی ئارام ناوده‌برێن.

وتیشی: دوای كۆبونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی كه‌ شه‌ڕ له‌ باكوری سوریا رابگه‌یه‌نن.

جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا راشیگه‌یاند كه‌ وڵاته‌كه‌ی ده‌ستیكردوه‌ به‌ كاركردن له‌سه‌ر كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی شه‌ڕڤانان و پلان دانراوه‌ كه‌ هێزه‌كانی سوریای دیموكرات به‌ قوڵایی 32 كیلۆمه‌تر له‌و شوێنانه‌ بكشێنه‌وه‌ كه‌ توركیا به‌ ناوچه‌ی ئارامی ده‌زانێت.

به‌پێی میدیاكان توركیا و ئه‌مریكا له‌سه‌ر ئه‌م خاڵانه‌ رێككه‌وتون:

1- راگرتنی ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا بۆ ماوەی 120 کاژێر

2- یەپەگە بە قووڵایی 32 کیلۆمەتر لە سنوورەکانی تورکیا دەکشێتەوە

3- لەدوای کشانەوەی یەپەگە لەو ماوەیەدا، تورکیا ئاگربەستی هەمیشەیی رادەگەیێنێت

4- تورکیا و ئەمریکا پێکەوە ئیدارەی زیندانەکانی داعش دەکەن

5- تورکیا و ئەمریکا پێکەوە دەبێت رێگە بگرن لە سەرهەڵدانەوەی داعش

6- دەبێت هەموو پێکهاتەکان لە باکووری سووریا پارێزراوبن

7- تورکیا ناوچەی ئارام لە رۆژهەڵاتی فورات تاوەکو سنوورەکانی عێراق دروستدەکات

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 17ی تشرینی یه‌كه‌می 2019، مایك پینس جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا گه‌یشته‌ توركیا و  چاوی به‌ ره‌جب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا كه‌وت.


PM:08:44:17/10/2019


ئه‌م بابه‌ته 5404 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت