بەشار ئەسەد: بە هەموو شێوەیەک رووبەڕووی تورکیا دەبینەوە

‌بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا


وێستگە نیوز-
بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا لە یەکەم لێدوانیدا دوای هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، بە هەموو کەرەستەیەک کە لە بەردستیاندایە رووبەڕووی تورکیا دەوەستنەوە.


ئاژانسی سانا-ی فەرمی حکومەتی سوریا بڵاویکردەوە، بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا رایگەیاندووە، بە درێژایی مێژوو وڵاتانی دەرەکی چاویان لەسەر دەوڵەتانی ناوچەکەیان بووە ، تەماعی تورکیاش بە سەرکردایەتی ئەردۆغان هەر دەچێتە ئەو چوارچێوەیەوە.

بەشار ئەسەد وتوشیەتی، " وەڵامی دوژمنکاری تورکیا دەدەینەوە و رووبەڕووی دەوستینەوە بە هەموو شێوەیەک لە رێگەی هەموو کەرەستە مەشروعەکانەوە کە لە بەردەستماندایە"

ئەم وتانەی بەشار ئەسەد لەمیانەی دیدارێکیدا بووە لەگەڵ فالح فەیاز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق کە بە مەبەستی گەیاندنی نامەیەکی سەرۆک وەزیرانی عیراق سەردانی سوریای کردووە.

بەپێی ئاژانسی سانا نامەکەی سەرۆک وەزیرانی عیراقیش داوای پێشخستنی پەیوەندییەکانی نێوان عیراق و سوریای لەخۆگرتووە هاوکات هەماهەنگی نیوان هەردوو وڵات لە بوارە جۆراوجۆرەکانی وەک رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و ئاسایشی سنورەکان دوای رووداوەکانی ئەم دواییەی رۆژئاوای کوردستان، هاوکات هەماهەنگی ئابوری و کردنەوەی سنورەکانی نێوان عیراق و سوریا.

ئەم وتانەی بەشار ئەسەد لە کاتێکدایەم رۆژی 9 ی ئەم مانگە دوای دوو رۆژ لە کشانەوەی بەشێک لە هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، تورکیا هێرشی کردەسەر سەر رۆژئاوای کوردستان و تا ئێستا بەپێی ئامارەکان بەهۆی رووبەڕووبوونەوەکانی نێوان سوپای تورکیا و هێزەکانی سوریای دیموکرات سەدان کوژراو و بریندار هەیە و سەدان هەزار کەسیش ئاوارەی ناوچەکانی دوور لە شەڕ بوون.

لە ماوەی دوو رۆژی رابردووشدا دوای رێککەوتنی سەربازی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و هێزەکانی حکومەتی سوریا، هێزەکانی حکومەتی سوریا لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی هەسەدە و بە هەماهەنگی نێوانیان رووبەڕووی سوپای تورکیا بوونەتەوە.
 


PM:07:16:17/10/2019


ئه‌م بابه‌ته 10712 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت