سەنتەری میترۆ داوای لێكۆڵینەوی ورد و شەفاف دەكات


وێستگه‌ نیوز ـ
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنووسان داوای لێكۆڵینەوەی جیدی و شەفاف دەكات لە رووداوی گیان لە دەستدانی هەردوو رۆژنامەنوس (ئامانج بابانی و لانە محمد و منداڵە ساواكەیان) و وردەكاری لێكۆڵینەوەكەیان بۆ رای گشتی بڵاو بكەنەوە.


لەپاش بڵاوبونەوەی هەواڵی رووداوەكە، رێكخەری سەنتەری میترۆ لە بەدەم فەرمانگەی پزیشكی دادی سلێمانی رایگەیاند، "لە بەردەم تاوانێكی گەورەین كە تیایدا دوو رۆژنامەنوسی شارەكەمان و منداڵە ساواكەیانی تیایدا كوژراون".

جەختیشیكردوە، "ئەو تاوانە نابێت تێپەڕی و دەبێت هەمووان وا هەست بكەن بەرامبەر ئەوان كراوە بە تایبەتیش لایەنە ئەمنییەكان".

سەبارەت بە رووداوەكە بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی  راگەیاند: "رووداوی كوژرانی ئامانج بابانی و لانە محەمەدی هاوسەری لەگەڵ منداڵەكەیان خۆكوژی بووە".

پێشتر چەند سەرچاوەیەكی ئەمنی به‌ میدیاكانیان راگەیاندبوو، "لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان دەریانخستووە كە فیشەكەكان زۆر لە نزیكەوە تەقێندراون و ئەو دەمانچەیەش كە تەقەی پێكراوە لە ناو ئۆتۆمبێلەكەی ئامانج بابانیدا دۆزراوەتەوە".

سەرچاوەكان روونیانكردەوە كە "لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان ئەوە دەخەنەڕوو كە گومانی زاڵ ئەوەیە تەقەكردنەكە خۆكردەیی بووبێت لەلایەن ئامانج بابانییەوە، سەرەتا هاوسەرەكەی كوشتووە كە شۆفێری ئۆتۆمبێلەكە بووە و پاشان منداڵەكەی، دواترییش گولـلەیەكی لەچەناگەیەوە بە ئاڕاستەی سەری ناوە بە خۆیەوە".

لەم بارەی ئەم زانیاریانەوەی كە لە لایەنێكی رەسمییەوە دەرچووە سەنتەری میترۆ لە پێناو شەفافییەتی زیاتر و زانیاری زیاتر لە بارەی ئەم تاوانە ئەو بەڵگانەی كە لە بەردەستی لایەنی ئەمنین بۆ چیرۆكی تاوانەكە بیخەنە بەردەم رۆژنامەنوسان یان لانی كە وەك هەنگاوی یەكەم بۆ بەردەم بەرپرس و بەڕێوەبەری دەزگاكانی میدیا لە هەرێمی كوردستان.

سەنتەری میترۆ راشیگه‌یاندووه‌: لەگەڵ بیستنی هەواڵەكە پەیوەندییان به‌ قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ كرد داوای لێكرد دەستوه‌ردان بكات لە بەڕێوەچوونی لێكۆڵینەوەی جدی و لە وەڵامدا وتی، "داوام لە پۆلیس و ئاسایشی سلێمانی كردوە لێكۆڵێنەوەی جدی بكات و پاش لێكۆلێنەوە هەرچی راستییە بیدەن بە رای گشتی".

سەنتەری میترۆ پێی وایە هەموو ئەو لێدوانانەی لایەنی رەسمی دژ بە یەكەن بە تایبەتیش لێدوانەكانی سەرۆكی پەرلەمان و وتەبێژی حكومەتی هەرێم و هەندێ سەرچاوەی ئەمنی نادیاری سلێمانی، و رێكخراوی عیراقی دەرئەنجامی نەبوونی زانیاری بوون لە لێكۆڵینەوەی سەرەتایی پۆلیس و ئاسایش كە دەبوو بدرێن بە رای گشتی.

شەوی چوارشەممە 16ی تشرینی یەکەمی 2019، له‌ تێرمیناڵی شاره‌زوور ئامانج بابانی، پێشكه‌شكاری كه‌ناڵی ئێن ئاڕ تی و لانە محەمەدی هاوسه‌ری، پێشكه‌شكاری كه‌ناڵی كوردسات و منداڵه‌كه‌یان بەناوی هانۆ، بە كوژاوی لە ئۆتۆمبیلەکەیاندا دۆزرانەوە.

هــ. ر


AM:09:19:17/10/2019


ئه‌م بابه‌ته 3000 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو